کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیرێکی سەردەمی ئەحمەدی‌نژاد دەسبەسەر کرا

12:26 - 21 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: وەزیرێکی سەردەمی سەرکۆماریی مەحموود ئەحمەدی‌نژاد، بە تاوانی گەندەڵی لە کاروباری ئابووری دەسبەسەر و ڕەوانە گرتووخانە کراوە.

بەپێی هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، پەرویز کازمی، وەزیری خۆشبژێوی و کاروبارە کۆمەڵایەتییەکانی ڕێژیم، لە سەردەمی سەرکۆماریی ئەحمەدی‌نژاد، بە تاوانی گەندەڵیی ئابوورییەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ گرتووخانەی ئێڤین گواستراوەتەوە.

بەپێی سەرەچاوەی هەواڵەکانی خودی ڕێژیم، ئەم وەزیرە پێشووەی ڕێژیم، پێدەچێت بە تاوانی گەندەڵیی ماڵی و دزیکردن لە سندووقی پاشەکەوتی فەرهەنگییان دەسبەسەر کرابێت.

سندووقی فەرهەنگییان زیاتر لە ٨٠٠ هەزار ئەندامی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی هەیە و لە پاشەکەوتی مانگانەی فەرهەنگییان سوودی ساڵانەیان پێ دەدات.

لەم پێوەندییەدا جەبار کووچکی‌نژاد، سەرۆکی کۆمیتەی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی سندووقی پاشەکەوتی فەرهەنگییان، باسی لە ١٥ هەزار میلیارد تمەن دزیی لەم سندووقەی کردووە و وتوویەتی: ڕەنگە لەم سندووقە زیاتریش لەم بڕە پارەیە دزرابێت.

دەسبەسەرکردنی پەرویز کازمی، لە حاڵێکدایە کە دوو بەرپرسی پلەبەرزی دیکەی سەردەمی ئەحمەدی‌نژاد  "حەمید بەقایی" و "ئەسفەندیار ڕەحیم مەشایی" بە تاوانی گەندەڵیی ماڵی لە گرتووخانە بەسەر دەبەن و هەروەها عەلی‌ئەکبەر جەوانفکر، ڕاوێژکاری ئەحمەدی‌نژادیش بە تاوانی بێڕێزیی بە بەرپرسانی ڕێژیم و بڵاوکردنەوەی درۆ و دەلەسە بە دوو ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.

ئەم شەڕە زێڕێنگەرییەی ڕێژیم لە وەها کات و ساتێکدا کە لە باری ئابووری و سیاسییەوە هەم لە نێوخۆ و هەم لە دەرەوە بە هۆی گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا و سیاسەتە هەڵەکانی لە ژێر گوشاردایە، لە حاڵێکدا وەک سناریو دێتە ئاراوە، کە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، ڕێژیم بۆ پشتیوانیی لە دەنگە درۆینەکانی ئەحمەدی‌نژاد ناڕازییانی پرۆسەی بەناو هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئەو ساڵەی بە توندترین شێوە سەرکوت کرد و چەندین هاووڵاتیی ئێرانی لەو پێوەندییەدا کوژراو و زیندانی کران.