کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارتی دێموکراتی کوردستانی تورکیە پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی ڕۆژهەڵات کرد

13:25 - 17 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: پارتی دێموکراتی کوردستانی تورکیه (PDKT) لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆبووە و پشتیوانی و هاوسۆزیی خۆیان بۆ خەباتی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەربڕی.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، شاندێکی پارتی دێموکراتی کوردستانی تورکیە، بە سەرپەرەستیی "محەممەد ئەمین کارداش"، سەرۆکی ئەو پارتە، وێڕای سکرتێر و ئەندامانی ڕێبەریی ئەو پارتە، سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە شاری هەولێر کرد و لە لایەن "حەسەن شەرەفی" جێگری لێپرسراوی گشتی و هەیئەتی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتەوە بە گەرمی پێشوازیان لێکرا.

شاندی پارتی دێموکراتی کوردستانی تورکیە، وێڕای پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرەی شازدهەم و هەروەها هاوخەمی سەبارەت بە کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران دژبە تێکۆشەرانی دێموکرات، پشتیوانی و هاوسۆزیی خۆیان بۆ خەباتی حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەربڕی.

هەروەها دوو لایەن وێڕای ئاڵوگۆڕی زانیاریی پێوەندیدار بە بارودۆخی سیاسی و خەباتی نەتەوەیی لە ڕۆژهەلڵات و باکووری کوردستان، پێداگریان لە پیوەندیی دوو قۆڵی و هاوکاریی نێوانیان بۆ خزمەتی دۆزی نەتەوەیی کوردستان کردەوە.