کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارتی شەپێلا پێشەڕۆژا کوردی لە سووریه لەگەڵ حیزبی دێموکرات دیدارێکی پێک هێنا

12:07 - 19 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: پارتی شەپێلا پێشەڕۆژا کوردی لە سووریه، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دوایین دۆخی ڕۆژئاوای کوردستانی خستە بەرباس و وتووێژ.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، "ڕێزان شێخ مووس"، سەرۆکی پارتی "شەپێلا پێشەڕۆژا کوردی لە سووریە" بە یاوەریی شاندێک، سەردانی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لە لایەن شاندێکی حیزبەوە بە سەرپەرەستیی "حەسەن شەرەفی"، جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزب پێشوازییان لێ کرا.

ڕێزان شێخ مووس باسێکی لەسەر هەلومەرجی سووریە و ڕۆژئاوای کوردستان پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە کرد، کە حکوومەتی سووریە دەسەڵاتی بەدەستەوە نەماوە و ئەوەی خاوەن دەسەڵاتە وڵاتانی داگیرکەری وەک ئێران، تورکیە و ڕووسیەیە کە هۆکارێک بوون بۆ شکستهینانی شۆڕشی سووریە.

شێخ مووس، لە بارەی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، بەداخەوە بە هۆی دەسەڵاتی پاوانخوازی و تاک حیزبییەوە هەلومەرجەکە زۆر ئاڵۆزە و خەڵک و حیزبەکان هەر یەک بە شێوەیەک ئاوارە و دەربەدەر کراون و چالاکانی سیاسی گیراون یان دەرکراون. ئەم سیاسەتە هۆکارێکه بۆ ئەگەری لەدەستدانی ئەو  دەسکەوتانەش کە لاوان بە خوێنی خۆیان بەدەستیان هێناوە، هەروەها سیاسەتی بەعەرەبکردن لە ڕۆژئاوا بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامە.

پاشان حەسەن شەرەفی، ئاماژەی بە گرفت و دەرفەتەکانی پرسی کورد کرد و ڕایگەیاند: وڵاتانی ناوچە و جیهان هەر یەک بەپێی بەرژەوەندیان و بە شێوەی تاکتیکی ڕەنگە پشتیوانی لە کورد بکەن، بەڵام ئامادە نین لە بواری سیاسییەوە پشتیوانی لە ماف و داخوازەکانی کورد بکەن.

حەسەن شەرەفی، ئاژاوەگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریە و ناوچەکەی بە هۆکارێکی سەرەکیی بۆ بشێوی و شەڕ و ماڵوێرانی لە وڵاتانی ناوچەکە و یەک لەوان سووریە زانی و خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵات بۆ بەدەستهێنانی مافی کورد و بە دژی ڕێژیم ئێران بە شێوەیەکی جیددیتر لە ئارادایە و هەوڵدان بۆ لێکنزیکبوونەوەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی بەتایبەت لە ڕۆژهەڵات بە سیاسەتێکی هەمشەیی و پێویست زانی و پێکهاتنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانیش هەر لەو ڕاستایەیە.

لە کۆتاییدا دوو لایەن لەسەر پێوەندی و پشتیوانی یەکتر و بەشەکانی کوردستان بە دوور لە دەستێوەردان پێداگرییان کرد.