کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگاری کرماشان ڕەخنەی لە ڕێژیمی ئێران گرت

10:07 - 27 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: پارێزگاری کرماشان باسی لەوە کردووە ئەو کەس و بەرپرسانەی سەردانی ناوچە بوومەلەرزەلیداوەکانی کرماشان دەکرد و وێنەی سێلفیان دەگرت، هیچ کام لە بەڵێنییەکانی خۆیان جێبەجی نەکرد.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران لە زاری ''هوشەنگ بازوەند" پارێزگاری کرماشان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی بیمە باسی لەوە کرد،  لە کاتی بوومەلەرزەی کرماشاندا هەندێک کەس و لایەن قەوڵ و بەڵێنیان دەدا و وێنەی سێلفیان دەگرت؛ بەڵام هیچ کام لە وادەکانی خۆیان جێبەجێ نەکرد.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە کاتی ڕوودانی کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشان، چەندین جار سەردانی ئەو ناوچانەیان کردووە، بەڵام هیچ کامیان هەتا ئێستا ئەو بەڵێنانەی کە داویانە جێبەجی نەکردووە و هەرکامە و بە چەشنێک لە شێوازی وڵام دانەوە و هەڵسوکەتیان لە چوارچێوەی سیاسەتە فاشیستییەکانیان بە دژی گەلی کورد، سووکایەتی بە لێقەوماوان دەکەن.

ماوەیەکیش تەنانەت بەرپرسان و ئاغازادەکان بە ڕۆیشتن بۆ ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان و گرتنی وێنەی سێلفی لەگەڵ لێقەوماوان و بینا خاپووربووەکان شاگەشکەیی خۆیان لەو کارەساتە کە بەسەر کورددا هاتبوو دەردەبڕی.

ڕۆژنامەکانی ڕێژیمیش ئەو کاتی بڵاویان کردەوە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە جێگای خزمەتگوزاری بە خەڵکی لێقەوماوی کرماشان سەرقاڵی گرتنی وێنەی سێلفین و "تور زلزلەگردی" لە کرماشان بەڕێوە دەبەن.

چەند ڕۆژ پێش "فەرهاد تەجری" بەناو نوێنەری خەڵکی شارەکانی ، قەسرشیرین، سەرپێڵ زەها و گێڵانغەرب لە مەجلیسی ڕێژیمدا دانی بەوە دانا کە لە لایەک بەرزبوونەوەی کەرەستەی ساختومانی و لە لایەکی دیکەشەوە کەمتەرخەمیی بەرپرسان وای کردووە، ڕەوتی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان بە گشتی ڕابگیردرێت.

لەدوای ڕوودانی بوومەلەرزەی ٧ ڕیشتەری لە ئەزگەلەی کرماشان لە ڕێکەوتی ٢١ی خەزڵوەری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، کە زیاتر لە ١٠هەزار کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، هەتا ئێستا کێشەی ئەو خەڵکە چارەسەر نەکراوە.

دوای تێپەڕینی یەک ساڵ لە ڕوودانی بوومەلەرەزەی کرماشان، شارە بوومەلەرزە لێدراوەکان ئاوەدان نەکراونەتەوە و خەڵک هێشتا لە نێو چادر وکانێکسدا دەژین.