کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارەی ئێران هەروا بێنرخە

12:33 - 16 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: سەرۆکی بانکی ناوەندی وتوویەتی کە نرخی ڕیاڵی ئێران لە ساڵی ١٣٥٠ تا ئێستا، ٣ هەزار و ٥٠٠ بەرابەر دابەزیوە.

ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی گەلاوێژ، "عەبدولناسر هێمەتی"، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران ڕایگەیاندووە: "هەموو ساڵێک ٧٠٠ ملیۆن پارە لە وڵاتدا لەنێو دەبرێت و دیسانەوە چاپ دەکرێتەوە و لە ساڵی ١٣٥٠، نرخی ڕیاڵی ئێران تا ئێستا ٣ هەزار و ٥٠٠ بەرابەر دابەزیوە.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "پەیوەندیی ڕیاڵ لەگەڵ ئەرزی دەرەوە، ئێستا  ٠.٠٠٠٠٠٨ـە کە لە هیچ وڵاتێکدا وا نییە، ئێمە دەبێت شێوەی ڕووکەشی پارە و پەیوەندیی ڕیاڵ لەگەڵ دۆلار چاک بکەین کە بە لابردنی ٤ سیفر ئەم کارە جێ‌بەجێ دەبێت".

ڕۆژی چوارشەممە، ٩ی گەلاوێژ، بەرپرسانی هەیئەتی دەوڵەت لە دانیشتنێکی فەرمیدا، بە فەرمی پارەی ڕیاڵیان لابرد و تمەنیان کردە پارەی فەرمی و ئامانج لەو گەڵاڵەیان بۆ دابینکردنی ئەمنییەت، سڵامەت و سەرپێبوونی سیستمی پارە و بانکی، بەپێی یاسا و ڕێسا شەرعییەکان و پاراستنی قازانجەکانی ئەو کەسانەی پارە لە بانکەکان دادەنێن و هەروەها پێڕاگەیشتن بە سکاڵا و کارە نایاساییەکانی دامەزراوە ئیعتبارییەکان، ڕاگەیاندووە.

پیشتر" ڤێنێزۆئێلا" ڕێکوردی بی بەهاترین پارەی جیهانی هەبوو کە "نیکلاس مادرۆ" سەرۆکی ئەم وڵاتە، هاوینی ساڵی پار، ٥ سیفری لە پارەی وڵاتەکەی لابرد و لە ئێستادا پارەی ئێران بێنرخترین واحیدی پووڵیی جیهان بە ئەژمار دێت.