کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاش هاتنەدەری ئامریکا لە ڕێککەوتنی ناوکی

18:44 - 8 جۆزەردان 2718

ئیدریس ئەحمەدی

کشانەوەی ئامریکا لە ڕێکكەوتنی ئەتۆمی لە گەڵ ئێران، چاوەڕوانکراو نەبوو، یان لانیکەم حەتمی نەبوو. سەرەڕای ناڕازیبوونی دانڵد ترامپ لەو ڕێککەوتنە، تەنانەت پێش هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی ئامریکا، لە ئاست نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا، ئەو ڕێککەوتنە پشتیوانی هەبوو و هەیە. لەلایەکی دیکەوە، ئیدارەی ترامپ، بەدیلی بۆ ئەو ڕێککەوتنە نەبوو، هەروەها سەرەڕای گرتنەبەری سیاسەتی زارەکی توند بەرانبەر بە ئێران، ئامادە نەبووە و نییە تێچووی گۆڕینی ڕێژیم بدات.

پشتیوانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ ئەو ڕێککەوتنە، هەر لەجێگای خۆیانن. دژبەرانی ئیدارەی ترامپ لە نێوخۆ و لە ئاست نێودەوڵەتیدا، شێلگیرانە هەوڵ دەدەن بۆ ڕاگرتنی ئەو ڕێککەوتنە، بە تایبەتی یەکیەتیی ئەورووپا؛ کەوابوو، لەو ڕووەوە، گۆڕان نەهاتووەتە دی.

ئەوەی کە گۆڕاوە، پارسەنگی هێزە لە نێو ئیدارەی ترامپدا. سەرەڕای ئەوەی ترامپ بۆ خۆی لە سەرەتاوە لەو ڕێککەوتنە ناڕازیی بووە، بەڵام وەزیری پێشووی کاروباری دەرەوەی ئامریکا ڕێکس تیلەرسن، هەروەها ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی پێشوو هێربێرت رەیمند مەکماستر و وەزیری بەرگری جەیمز ماتیس کۆک بوون لەسەر مانەوەی ئامریکا لەو ڕێککەوتنەدا.

بەلادانی تیلەرسن و مەکماستر و دانانی مایک پۆمپێئۆ و جان بۆڵتۆن لە جێگەیان، ترامپ دوو کەسی لە دوو پۆستی کلیدیدا داناوە کە خوازیاری سیاسەتی توندترن بەرانبەر بە ئێران، نەك تەنیا لە ئاست سیاسەتی زارەکیدا، بەڵکوو لە کردەوەشدا. وەزیری بەرگری کۆنە جێنێراڵە، کەسێکە زۆرتر بار هاتووە کە فەرمان جێبەجێ بکا؛ بۆیە، لەگەڵ ئەوەی پێشتر هاوبیری تیلەرسن و مەکماستر بوو، بەڵام بە تەنیا نەیتوانی سەرۆکی وڵاتەکەی لەو بڕیارە پاشگەز بکاتەوە، لە فەرمانیشی لانادا.

بەدەر لە گۆڕانی پارسەنگی هێز لە نێو ئیدارەی ترامپ بە قازانجی ئەوانەی خوازیاری سیاسەتی تووندترن لەهەمبەر ئێران، سێ فاکتەری دیکە دەوریان هەبوو لەوەی ئامریکا دواجار لەو ڕێککەوتنە بێتە دەر.

هۆکاری یەکەم، گرێدراوە بە تێگەیشتنی ترامپ سەبارەت بە سیاسەت و مێتۆدی سیاسەتکردنەوە. ترامپ پێشینەی لە بازرگانیدایە. وەک کەسێکی بازرگان، سیاسەتکردن وەک ململانێی ئابووری دەبینێ. هەروها پێی وایە کە خاڵی لاواز یان بەهێزی هەر لایەنێک، لە پێگەی ئابوورییەوە سەرچاوە دەگرێ، چوونکە هێزی نیزامی و دیپلۆماتیک، بە درێژکەرەوەی هێزی ئابووری دەبینێ. ترامپ هەروەها بە خوێندنەوەی خاڵی لاواز و بەهێزی لایەنی بەرانبەر، هەوڵ دەدا ڕێککەوتن بە قازانجی ئامریکا مسۆگەر بکات. لە ڕوانگەی ترامپەوە، ڕێککەوتن ناتوانێ دایمی بێ و لە بەر تیشکی پارسەنگی هێزدا، قابیلی پێداچوونەوە و تەنانەت هەڵوەشاندنەوەیە. ئەگەر تەرجەمە بکرێ بە گۆڕەپانی دیپلۆماسی، ترامپ پێی وایە ئەگەر ئابووری لایەنگەلی بەرانبەر و نەیار بخرێتە ژێر گوشارەوە، دواجار لە بواری سیاسییەوە تەنازول دەکەن. ئەم تێگەیشتنە لە سیاسەت، کە ڕاوێژکارانی بە "ناسیۆنالیزمی ئابووری" لە قەڵەمیان داوە، لەوەتی ترامپ هاتووەتە سەرکار، لە کۆی سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا ڕەنگی داوەتەوە؛ لە پەیوەندی لە گەڵ ڕێککەوتنە تیجارییەکانەوە بگرە تاکوو ڕێککەوتنی پاریس لە بواری ژینگە و هەروەها سیاسەت بەرانبەر بە کۆریای باکوور و ئێران، شاهیدی ئەم ڕاستییە بووین.

کە ئەگەڕێتەوە سەر ئێران، ترامپ گرفتی لە گەڵ ڕێککەوتن لە گەڵ ئێراندا نییە، بەڵکوو گرفتی لە گەڵ ئەو ڕێککەوتنە هەیە کە ئیدارەی پێشوو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەستی، کە بە قازانجی ئێران و بە زەرەری ئامریکا بووە.

فاکتەری دووهەم، پەرەئەستاندنی نفوزی ئێرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، ئەویش تا ئاستێک کە کۆماری ئیسلامی لە ئامانجی وەدەستهێنانی باڵادەستی لە زۆر شوێنی جیۆستراتژی وەک عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن نزیکتر کردووەتەوە. شەڕ و ناسەقامگیری لەو وڵاتانە یارمەتیدەری ئێران بوون لە پێناو زیادکردنی نفوزی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، بەڵام لەهەمان کاتیشدا هەڵگرتنی گەمارۆکان و دەستڕاگەیشتنی ئێران بە پارەی زیاتر، یارمەتیدەری ئێران بووە تاکوو زۆرتر لە ناوچەکەدا پەرە بە نفوزی خۆی بدا.

رێککەوتنی ناوکی نەک تەنیا چارەیەکی دایمی نەبوو بۆ قەیرانی ناوکی ئێران، بەڵکوو پێگەی ئێرانی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا بەهێزتر کرد. ئەم ڕاستییە وێڕای پێشکەوتنی بەرنامەی مووشەکی ئێران و هەروەها دامەزراندنی حزووری نیزامی بەرچاو لە سووریە یان لە پەنای ئیسرائیل، مەترسی هێژمۆنی نیزامی و سیاسی ئێرانی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا بەرجەستەتر کردووەتەوە. پۆمپێئۆ و بۆڵتۆن و هێندێک کەسی دیکە دەڵێن ئەو ڕێککەوتنە سنووردارە بە مەسەلەی ناوکی، لەکاتێکدا ئێران لە بواری موشەکسازی دوورهاوێژ، پشتیوانیکردنی تێرۆریزم، دەستێوەردان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و پێکهێنانی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا، دەستی باڵای هەیە و دەبێ ئەو مەسەلانەش ڕەچاو بکرێن.

جێگای ئاماژەیە کە لەو کاتەوە ئامریکا وەک زلهێزی دەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا جێگای بریتانیای گرتەوە، سێ بەرژەوەندی ستراتیژیکی دیاری کردووە کە ئامادەیە ئەگەر پێویست بێ، لە پێناویاندا شەڕی ئابووری لە فۆرمی سەپاندنی گەمارۆی توند تاکوو بەکاربردنی هێزی نیزامی بگرێتە بەر. ئەو سێ بەرژەوەندییە ئەمانەن:

١) مسۆگەرکردنی گواستنەوەی نەوتی کەنداو بۆ بازاڕی نێودەوڵەتی بە نرخی گونجاو

٢) پاراستنی هاوپەیمانانی، لەسەرووی هەموویانەوە ئیسرائیل، لە خەتەری ئەمنییەتی

٣) هەروها ڕێگرتن لەوەی هێزی ناوچەیی یان دەرەکی، لە ڕووی نیزامییەوە بەسەر ناوچەکەدا، خۆی بسەپێنێ یان ببێ بە خاوەن هێژمۆنی.

هەر ئەم بەرژوەندییانە بوون وای کرد ئامریکا پاش داگیرکردنی کوەیت، هێزی نیزامی عێراق تێک بشکێنێ و دواتر، هەم عێراق و ئێران بخاتە ژێر گەمارۆی تووندەوە لە شکڵی ستراتژییەکدا لەژێر ناوی "تێکهەڵپێچانی دووسەر"ە. دواتر، کە ئاشکرا بوو ئێران بەرنامەیەکی نهێنی بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی هەیە، گەمارۆکانی لەسەر ئێران تووندتر کردەوە بە مەبەستی بەچۆکداهێنانی.

ئێستا دەرکەوتووە، بە بۆشایی دەسەڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوین وێڕای زیادبوونی نفوزی ئێران لە ناوچەکەدا، ئەو سێ بەرژەوەندییە ستراتژیکە کەوتوونەتە ژێڕ هەڕەشەی جیددییەوە. ئیدارەی ئۆبامای لێ بەدەر، کە لە پێناو ڕێککەوتن لە گەڵ ئێران، ئامادە بوو باجی گەورە بدا، هەر ئیدارەیەکی دیکەش لەسەرکار بایا، دەبوا وڵامدەر بێ بەم دۆخە و ئەو خەتەرانەی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە سەرچاوە دەگرن.

ئەگەر هێلاری کلینتۆن وەک سەرۆکی ئامریکا هەڵبژاردرابا ، ڕەنگە ئامریکا لەو ڕێککەوتنە نەهاتبایەتە دەر، بەڵام بێ شك هەوڵی بەرپەرچدانەوەی جیددی دەدا بۆ ڕێگرتن لە سیاسەتی هێژمۆنیخوازانەی ئێران. هەڵبەت ترامپ، بە هۆی تێگەیشتنێک کە لە سیاسەت هەیەتی وێڕای ئەوەیکە لە حیزبێکی دیکەیە و پاراستنی میراتی ئۆبامای زۆر بۆ گرنگ نییە، بە باشی زانیوە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئێران، ئامریکا لەو ڕێککەوتنە بێنێتە دەرێ.

خاڵێکی دیکەی پەیوەندیدار ئەوەیە کە سەرەڕای هەوڵی هاوپەیمانانی ئامریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بۆ بەرپەرچدانەوەی ئێران، بە تایبەت لەلایەن سعودییە و ئیسرائیلەوە، هێزیان بڕی ئەوەندە ناکا پێش لە کۆماری ئیسلامی بگرن کە هێژمۆنی وەدەست بێنێ.

خاڵێکی دیکە دووبەرەکی نێوان وڵاتانی ناوچەیە، کە وای کردووە ئێران بتوانێ ساناتر سیاسەتی هێژمۆنیخوازی درێژە پێ بدا؛ بۆیە، ئامریکا ناچارە بۆ خۆی بێتە مەیدانەوە. وێدەچێ ئامریکا بیهەوێ بە هاتنەدەر لەو ڕێککەوتنە، وڵاتانی ئەورووپایی ناچار بکا کە پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆیاندا بکەن، کە تاکوو ئێستا بریتی بووە لە بەهێزکردنی ئێران.

فاکتەری سێهەم، شکستهێنانی دانووستاندنی ئامریکا و ئەورووپا بوو سەبارەت بە پێداچوونەوە یان تەکمیلکردنی ڕێککەوتنی ناوکی لە گەڵ ئێران. ڕوون نەبووتەوە بۆچی وڵاتانی ئەورووپایی لە گەڵ ئیدارەی ترامپ نەیانتوانی بە کۆدەنگی بگەن، بەڵام دەگوترێ ئامریکا مەرجی ئەوە بووە کە، وێڕای مەسەلەی موشەکسازی و دەوری تێکدەرانەی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، دەبێ چاوەدێری هەتاهەتایی بۆ بەرنامەی ناوکی ئێران بکرێ. ئەورووپاییەکان ئەوەیان پەسەند نەبووە و وتوویانە لە گەڵ جەوهەری ڕێککەوتنەکەدا دژایەتی هەیە. هاتنە دەری ئامریکا دوای سەرنەگرتنی دانووستاندن لە گەڵ ئەورووپاییەکان ڕووی دا.

ئامانجی ئیدارەی ترامپ ئەوەیە کە بە سەپاندنی گەمارۆ بەسەر کۆماری ئیسلامیدا و لاوازکردنی، ڕێژیم ناچار بکرێ کە دیسان بێتەوە سەر مێزی وتووێژ بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نوێ و بەرینتر، هەم لە بواری مەسەلەی پەیوەندیدار کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێ درا، هەمیش لە بواری زەمەنییەوە.

گەیشتن بەو ئامانجە بەندە بەوەیکە گەمارۆکان چەندە شوێندانەر بن. هەروەها بەندە بەوەیکە وڵاتانی ئەورووپایی، چین، ڕووسیا و هێندێک وڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، یارمەتیدەری کۆماری ئیسلامی بن بۆ دەورلێدان لەو گەمارۆیانە یان خێر.

قەیرانە ئابوورییەکانی ئێران، زادەی سیستمی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێرانن. بە واتایەکی دیکە، ئەو قەیرانانە، سیستمین تاکوو ئەوەی کاتی بن یان ئاکامی سیاسەتی ئەم یان ئەو حکومەت، یان ئەم یان ئەو باڵی نێو ڕێژیم بن. پێش گەمارۆی نێودەوڵەتی، هەروەها دوای هەڵگرتنی بەشی زۆری ئەو گەمارۆیانە، ئەو قەیرانانە هەبوون و لە چەند ساڵی دواییدا، بگرە قووڵتر بوونەتەوە. قەیرانی ئابووری وێڕای قەیرانی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی، کە هەموویان پێکەوگرێدراون و زادەی سیستمی سیاسی کۆماری ئیسلامین، ئێرانیان هێناوەتە لێواری داڕمان یان کۆلاپسی تەواو. نیشانەی ئەمەمان لە ڕاپەڕینی جەماوری بەرینی زستانی پاردا بینی، کە پەیتا پەیتا لێرەولەوێ، درێژەیان هەبووە.

ڕاستییەکەی، ئێران لە دۆخی شۆڕشدایە، هەڵبەت هۆی ڕوونەدانی شۆڕش نەبوونی هاوسۆزی و هەڤاڵبەندییە لە نێوان چینی هەژار و چینی نێوەڕاست لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، نەبوونی هاوپەیمانی لە نێوان نەتەوەی فارس و باقی نەتەوەکان. ئەمەش بە نۆرەی خۆی دەگەڕێتەوە بۆ ناسیۆنالیزمی فارس، کە ڕوخانی کۆماری ئیسلامی بە هەڵوەشانەوەی ئێران و لەنێوچوونی باڵادەستی نەتەوەی فارس دەزانێ. دەوری فریوکارانەی بەناو رێفۆرمخوازەکان لە نێوخۆ و لە ئاست نێودەوڵەتیدا، فاکتەری دیکەی گرنگە، چوونکە ئەوان ڕێژیمپارێزن، نەک رێفۆرمخواز. بێ گومان، ترس لە سەرکوتی بێبەزەییانە، هەروها ترس لەوەی ئێران وەک سووریە یان عێراق تووشی شەڕی نێوخۆیی و نەهامەتیی زۆرتر ببێ، ترسێک کە کۆماری ئیسلامی بەردەوام لە ڕێگای پروپاگەندەی هەمەلایەنەوە بەهێزی دەکا، ئەمانەش لە بەرپانەبوونی شۆڕش، سەرەڕای لەباربوونی زەمینەی شۆڕش، دەور دەگێڕن.

تاکوو ئەو کاتەی ڕوون دەبێتەوە ئێران ئامادە دەبێ لە گەڵ ئامریکا ڕێککەوتنێکی نوێ ببەستێ یان نا، فشاری ئامریکا بە هاوکاری هێندێک وڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کە ئاسایشیان بە هۆی سیاسەتە شەڕخواز و تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کەوتوونەتە خەتەرەوە، ئەو قەیرانە نێوخۆییانەی ئێران قووڵتر دەکەنەوە. دوور نییە ئامریکا، بە دانی ئیمتیاز بە چین و ڕووسیە، هەروەها بە فشارهێنان بۆ وڵاتانی ئەورووپایی، بتوانێ سەرکەوتوو بێ؛ کەوابوو، لە کورتمەودادا، کۆماری ئیسلامی لاوازتر دەبێ و زەمینەی داڕمانی قووڵتر دەبێتەوە.

ئەگەر سیاسەتی ئیدارەی ترامپ لەهەمبەر کۆریای باکوور بکرێ بە بنەما و ئەگەر ئیدارەی ترامپ تێیدا سەرکەوتن بەدەست بێنێ، ئەوا ئەگەری زۆرە ئێران ڕازی بێ بە مەرجەکانی ئامریکا. لە بەرانبەردا، دەبێ ئامریکا بە نۆرەی خۆی مانەوەی ڕێژیم زەمانەت بکا. (وەزیری دەرەوەی ئامریکا، بە ڕوونی وتی کە ئەگەر کۆریای باکوور سەبارەت بە داماڵینی چەکی ناوکی ڕازی بێ، ئەوان مانەوەی ئەو ڕێژیمە زەمانەت دەکەن) هەڵبەت، لە کاتێکدا کۆریای باکوور مانەوەی ڕێژیمی بۆ ئەولەوییەتە، کۆماری ئیسلامی بەرنامەی موشەکی و نفوزی خۆی لەناوچەکەدا، بۆ گرنگە و بە دابڕاوییان نازانێ لە مەسەلەی مانەوەی خۆی.

دوور نییە ئێران دواجار ئامادە بێ بۆ وتووێژ لە گەڵ ئامریکا، بەڵام وەک پیشەی هەمیشەیی، ئەوەندە ئەو وتووێژانە درێژ دەکاتەوە، تاکوو ئیدارەی ترامپ لەسەر کار نەمێنێ.

هەڵبەت ئەوەی کە داهاتووی ئێران یەکلادەکاتەوە، فاکتەری دەرەکی نین، بەڵکوو دینامیکی نێوخۆیی ئێرانە. کۆماری ئیسلامی سیاسەتی دەرەوەی ئێجگار بەرزەفڕانەیە، واتە سیاسەتی وەدەستهێنانی هێژمۆنی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، ئەمە لە کاتێکدایە کە توانایی نێوخۆیی نییە بۆ ئەو سیاسەتە بەرزەفڕانەیە. کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست توانیویەتی بەهێز بێ، بەڵام لە نێوخۆ لاوازە و گەیشتووەتە لێواری داڕمان. وڵاتێک لە دەرەوە بەهێزی بێ و لە نێوخۆدا لاواز و لە لێواری داڕماندا بێ، توانای دابین‌کردنی هەزینەی درێژەدان بە بەرزەفڕی نییە. هەروها بەهۆی ئەوەوە کە قەیرانەکانی نێوخۆی سیستمین، تەنیا بە گۆڕینی ڕێژیم کۆی ئەو نەتەوانەی لە ئێراندا دەژین و هەروەها دونیای دەرەوە لە دەست کۆماری ئیسلامی ڕزگاریان دەبێ.