کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاشای عەرەبستان بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ئێران خوازیاری پێکهێنانی یەکگرتووییی عەرەبییە

11:53 - 19 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: پاشای عەرەبستان لە ٣٩ـەمین دانیشتنی سەرانی شۆرای هاوکاریی کەنداو لە ڕیازدا، داوای پێکهاتنی یەکگرتووییی عەرەبی، بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران کرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، سەلمان بن عەبدولعەزیز، پاشای عەرەبستان، لە ٣٩ـەمین دانیشتنی سەرانی شۆرای هاوکاریی کەنداودا، ڕەخنەی توندی لە ڕێژیمی ئێران گرت و وتی: "ئێران  درێژە به دەستێوەردانەکانی خۆی لە کاروباری وڵاتانی دراوسێ دەدات".

پاشای عەرەبستان داوای لە وڵاتانی عەرەبی کرد، که بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و سیاسەتە دوژمنکارانەکانی ئەم ڕێژیمە، یەکگرتووییەک پێک بێت.

ناوبراو لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، که هێزە توندڕەوەکان و تێرۆریزم، ئاسایشی وڵاتانی ناوچەی کەنداویان تێک داوە و هەڕەشە لە جیهانی عەرەب دەکەن.

پاشای عەرەبستان هەروەها ڕایگەیاند: ئێرانیش به پشتیوانیکردن له تێرۆریستەکان، دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆییی وڵاتە عەرەبییەکاندا دەکات.

زۆربەی وڵاتانی دونیا لەسەر ئەو بڕوایەن، کە ڕێژیمی ئێران هەڕەشەیەکی جیدی بۆ سەر ئاسایشی ناوچە و جیهانە، چونکه به بڕوای ئەوان، ئەم ڕێژیمە بە پشتیوانیی لە تێرۆریزم پەرە بە بشێوی و ئاژاوەنانەوە لە ناوچەکەدا دەدات.