کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاشەکشەی ڕێژیم لە بەرانبەر مانگرتنی کامیونداران

11:10 - 23 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ٢٠ ڕۆژ لە مانگرتنی سەرتاسەریی کامیونداران لە ئێران، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچار بە پاشەکشە بوو.

شۆفێران و کامیوندارانی مانگرتوو، پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ٢٠ ڕۆژ لە مانگرتنە سەرتاسەرییەکەیان، کە لە ڕۆژی ٣١ی خەرمانانەوە دەستی پێ کردبوو، پاش چارەسەربوونی بەشێکی بچووک لە خواستەکانیان لە هەمبەر دیاریکردنی نرخی کرێی بار بەپێی کێشی بار و مەودای هاتووچۆ لە لایەن وەزارەتی ڕێگاوبانی ڕێژیمەوە، ڕایانگەیاند، کە بە شێوەی کاتی مانگرتنەکەی خۆیان ڕادەگرن.

کامیونداران و شۆفێرانی بەشی گواستنەوەی جادەیی بە دەرکردنی ئەم ڕاگەیەندراوە، باسیان لە ڕاگرتنی کاتیی مانگرتنەکەیان کرد و مانگرتنی ٢٠ ڕۆژەی خۆیان بە سەرکەوتووانە وەسف کرد.

ئەوان لەو ڕاگەیەندراوەدا باسیان لەوە کردووه، کە ڕاگرتنی مانگرتنەکە بە واتای دەرفەتدان به بەشی گواستنەوەی جادەییە بۆ دابینکردنی خواستەکانیان و جەختیان کردووەتەوە، کە لە ئەگەری دابین نەکردنی خواستەکانیان لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە، جارێکی دیکە و بە هەموو تواناوە، مان دەگرنەوە.

بەردەوامیی مانگرتنی ئەمجارەی کامیونداران لە کاتێکدا بوو، کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە بەردەوامی هەڕەشەی لەسێدارەدان و گرتنیان لە شۆفێران و کامیونداران دەکرد و لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەشدا، زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە مانگرتووان دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندان کران.

ئەمە چوارەمین قۆناغی مانگرتنی کامیونداران بوو، کە لە سەرەڕای هەڕەشەی بەردەوام و تۆقاندن لە لایەن ڕێژیمەوە، لە زیاتر لە ٣٨٠ شاری ئێراندا بەڕێوە چووە.

دیاریکردنی نرخی کرێی بار لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە، بە واتای ملکەچکردنی ڕێژیم بۆ خواستەکانی خەڵک و ناچاربوونی ڕێژیم بە پاشەکشە لە بەرانبەر ئیرادەی تاکەکانی کۆمەڵگایە.