کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاشەکشەی ڕێژیم لە بەرانبەر "هەنار"دا

18:27 - 13 خەزەڵوەر 2718

کورستان میدیا: ترسی هەناری ناوچەی هەورامان پاشەکشەی بە بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەو ناوچەیە کرد.

سەرەڕای ئەوەیکە بەرپرسانی سیاسیی و سەربازی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە تایبەت بەرپرسانی هێزە سەرکوتکەرەکانی سوپای تیرۆریستی پاسداران بە هاوکاریی مەلا قادر قادری پێشنوێژی شاری پاوە و نوێنەری ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لەو شارە، پێشیان بە بەڕێوەچوونی فستیڤاڵی هەنار لە چەندین شوێنی جیاجیای ناوچەی هەورامان گرت، لە کۆتاییدا ناچار بوون بەرانبەر بە مەترسییەکانی هەنار پاشەکشە بکەن و بڕیاری بەڕێوەچوونی ئەو فستیڤاڵە لە سەرەوەتری خۆیان وەربگرن.

کەیکاووس جەلیلیان بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری پارێزگای کرماشان، بە ئاژانسی هەواڵدەریی "ئیلنا"ـی ڕاگەیاند لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەڕێوە چوونی فستیڤاڵی هەنار کە ڕۆژی پێنجشەممە ۱۰ی خەزەڵوەر بەرانبەر بە ۱ی نۆڤامبر، لە نێوان بەرپرسانی ئەو پارێزگایە بەڕێوە چوو، بڕیاری بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمە وەرگیراوە.

ئەو بەرپرسە دەستنیشانکراوەی ڕێژیم لە پارێزگای کرماشان، بێ ئاماژەدان بە شوێنی بەڕێوەچوونی ئەو فستیڤاڵە ڕایگەیاند ڕێوڕەسمی شوکرانەی هەنار لە یەکێک لە هۆتێلەکانی شاری کرماشان بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەڕێوە دەچێت کە لە ڕۆژی دووشەممە ۱٤ی خەزەڵوەر بەرانبەر بە ۵ی نۆڤامبر دەست پێدەکات و ڕۆژی شەممە ۱۹ی خەزڵوەر بەرانبەر بە ۱۰ی نۆڤامبر، کۆتایی پێدێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شارۆچکەی بایەنگان، لەمبارەوە بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"ـی ڕاگەیاند بڕیارە ڕۆژی سێشەممە ۱۵ی خەزەڵوەر بەرانبەر ۶ی نۆڤامبڕ تاکوو ڕۆژی هەینی ۱۸ی خەزەڵوەر بەرانبەر بە ۹ی نۆڤامبر، تۆڕێکی گەشتیاری لە باخە هەنارەکانی شارۆچکەی بایەنگان بە بەشداری خەڵکێکی زۆر لە پارێزگای کرماشان و دەرەوەی ئەو پارێزگایە بەڕێوە بچێت.