کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پانتایی چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان

18:03 - 17 گەلاوێژ 2719

زەردەپەڕ

ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو بەشێک لە کوردستان لە هەموو شۆڕشە کوردییەکاندا بە تاک و تاقم، خۆبەخشانە بەشداریی کردووە. لە ڕاپەڕینەکانی باشوور و باکوور و ڕۆژئاوای کوردستاندا تاکوو ئێستە بە گیانی نەتەوەییەوە پشتیوانی دۆزی کورد لەو بەشانەدا بووە.

کاتێ قسە لە ستراتێژی دەکەین خەبات دەبێ لە قووڵایی ئەو بەشەدا بنج دابکوتێ. واتە باشوور لە قووڵایی کۆمەڵگای خۆی، باکوور و ڕۆژئاوایش هەر وەتر. هەر بۆیە زاراوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ستراتێژیدا، دەبێ بە کوردستانی ڕۆژهەڵات. ئەمە بە واتای دابڕان و دژایەتیی بەشەکانی تر نییە و لە گیانی نەتەوەیی کوردی ڕۆژهەڵاتەوە بە دوورە. ڕۆژهەڵات لە هەموو ڕاپەڕین و کارەساتەکاندا بە پێی ڕەوشتی نەتەوەیی جووڵاوەتەوە. لە ستراتێژیی خەبات بۆ ڕۆژهەڵات چەند ڕەهەند دەبێ خەسارناسی بکرێت و لێک بدرێتەوە. کە دەڵێین خەباتی ڕۆژهەڵات، واتە خەبات بۆ پانتایی جوگرافیای سروشتی و مرۆڤیی ڕۆژهەڵات. ئەمە بە دروشم ناکرێ بەڵکوو چەند پێش مەرجی پێویستە:

یەکەم؛ هێزی ڕۆژهەڵات لە ڕۆژهەڵات و بۆ ڕۆژهەڵات ڕێک بخرێت. دووەم؛ ناسنامەی نەتەوەیی بنەمای ڕێک خستنەکە بێت و لایەنیێکی تایبەت بۆی نییە خۆی بە خاوەنی خەبات بزانێ. پێش مەرجی دووەم بۆ دەربازبوون لە خێڵەکی بوون و ناوچەگەرایی زۆر پێویستە. بە وتەیەکی تر نابێ ڕیزی خەبات ڕەنگ دانەوەی ئەقڵییەتی خێڵەکی بێت. کرمانج و سۆران و هەورامی و لەک و کەلهوڕ و یان ئەندامان و هۆگرانی لایەنە سیاسییەکان لە سەنگەرێکدا بۆ ناسنامەی کوردبوونی خۆیان خەبات دەکەن.

کاتێ لە کۆمەڵگای کوردستاندا خەباتی کوردی لە هەموو ڕەهەندەکاندا پەرەی سەند، ئەوسا ماشینی پیشەسازی کەلتووریی داگیرکەر کە حکوومەتی ئێران بێت، لە گەڕ دەکەوێ. پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن و کۆڕ و کونگرەبەستن بۆ داگیرکەر بەرهەمێکی ئەوتۆی نابێ. لێرەدا پرسیارێ دێتە گۆڕێ  کە خەباتی چەکداری لە کوێی بەرەی خەباتی ڕۆژهەڵاتدا جێ دەگرێ؟ بە پێچەوانەی بانگەوازی دەست‌وپێوەندە ڕێفۆرمیستە کوردەکان و هەندێ لایەنی دژ بە بەرەی نەتەوەخوازیی کوردستان، خەباتی چەکداری هۆکاری مانەوەی ناسنامەی کوردستانییە. جەماوەری کوردستان بە ڕاسانی ڕۆژهەڵات گیانی تازەیان کرایە بەر کە ئەمە بەرپرسیارەتیی بەشداربووانی ڕاسان قورستر دەکات. ئەگەر لە پاساوە خێڵەکییەکانی خەباتی چەکداری تێپەڕین کە هۆکاری دەست بە چەک بوون بۆ زۆرکاریی ناوەند و چەوسانەوەی کوردستان دەگەڕێنێتەوە، ئامانجی خەبات بە گشتی مافی سیاسیی کوردستانە. کاتێ داگیرکەر بە هەموو هێزیەوە دەیهەوێ کورد لە خۆیدا بتوێنێتەوە، ئەگەر نەیتوانی، بە کوشتن و بڕین لەگەڵ کورددا دەجووڵێتەوە، کورد بۆ دەستەبەرکردنی مافی پێویستی سیاسیی خۆی کە ئامانجە درێژخایەنەکەی بە دەوڵەت بوونە، بێ گومان دەبێ لە بەرەی خەباتدا پێکهاتەیەکی چەکداریی تۆکمە و گشتگیر لە خۆ بگرێت.

شۆڕشە کوردییەکانی  پێشوو لە ناوچەیەکدا ڕووی دەدا، ئەمە نیشاندەری لێکدابڕانی ناوچە و خێڵە جیاوازەکانی کوردستان بوو. بەڵام - بە دوو پێش مەرجی پێشتر وتراوەوە- ڕادەگەیەنرێت کە پانتایی خەباتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ئاگرییەوە تا لوڕستانە، بەو واتایە دێت کە کۆمەڵگای ئەو پانتاییە لە دینامیسمێکی نەتەوەییدا ورووژاون. ئێرە خاڵی دەستپێکە و نابێ حیماسەی خێڵەکی بوون ستراتێژی و پلانمان لەپێش چاو ون بکات. دیارە دەبێ پلان هەبێت. ڕادەی هێزی کوردستان و لە بەرانبەردا داگیرکەر، لە بەرچاو گیرابێت. ئەگەری مەترسی و تێچوو لێکدرابێتەوە.

ئاسۆی خەباتی چەکداری، ئامانجی سیاسی دیاریی دەکات. سا تا دەستەبەرکردنی ئامانجی سیاسی، خەباتی چەکداری نەک درێژەی دەبێت، چڕتر و بەرینتر دەکرێتەوە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.