کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاڵپشتی ئێران لە چەکدارە حووسییەکانی یەمەن و دنەدانیان بۆ شەڕ

11:54 - 30 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: چاوەدێرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕاپۆرتێکدا باسیان لەوە کرد، کە ئێران بە فرۆشتنی نەوت بە چەکدارە حووسییەکانی یەمەن هەوڵی ئاژاوەگێڕی لە ناوچەکە دەدات و هەروەها سەبارەت بە ڕوودانی کارەساتی مرۆیی و ئابووری هۆشداری دا.

ڕۆژی شەممە ٢٩ی بەفرانبار، ئاسۆشێتدپرێس لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە: لێکۆڵینەوەکانی کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریخستووە شەڕی یەمەنیان لە ساڵی ٢٠١٨ هەڵسەنگاندبوو.

چاوەدێرانی گەمارۆوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان باسیان لەوە کردووە: ڕێژیمی ئێران بە ناردنی نەوت و سووتەمەنی بۆ چەکدارە حووسییەکانی یەمەن پاڵپشتییان لێ کردوون و حووسییەکانیش داهاتی ئەو نەوتەیان سەرفی شەڕ لەگەڵ یەمەن دەکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاسۆشێتدپرێس لە بەڵگەیەکدا، کە چاوەدێرەکان لە بەدواداچونەکانیاندا لە یەمەن بەدەستیان هێناوە، دەردەکەوێت چەند کۆمپانیا لە "نێوخۆ و دەرەوەی یەمەن " مۆرەگەلی پاڵپشتی ڕێژیمی ئێران بۆ هەناردەکردنی سووتەمەنی بۆ یەمەن بوونە، کە بۆ ئەم مەبەستە لە کەسێک کەڵکیان وەرگرتووە، کە ناوی لە نێو لیستی گەمارۆوەکاندا بووە، ناوی ئەم کەسە ئاشکرا نەکراوە.

کۆماری ئیسلامی، بەردەوام بە پاڵپشتیی میلیشیا چەکدارەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەوڵی ئاژاوەنانەوە لە ناوچەکە دەدات و هەروەها بە دەستێوەردان لە کاروباری سیاسی و نێوخۆی ئەو وڵاتانە هەوڵی دزەکردن بۆ نێو وڵاتانی ناوچەکە دەدات.