کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پردی قشڵاخی سنە شوێنی کۆکردنەوەی زبڵە

11:15 - 26 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: پردی قشلاخی شاری سنە، کە یەکێک لە شوێنە مێژوویی و گەشتیارییەکانی ئەم شارەیە، بوووەتە شوێنێک بۆ کۆکردنەوەی زبڵ؛ هۆکاری سەرەکیی ڕوودانی ئەم حاڵەتە دەگەڕێتەوە بۆ نابەرپرسبوونی بەرپرسانی ڕێژیم.

سەید موحسن عەلەوی، بەرپرسی میراتی فەرهەنگیی شاری سنە، سەبارەت بەم پردە وتوویەتی: پردی قشڵاخ خاوەنی نییە و ئەگەر ئەم دۆخە هەر بەم شێوەیە درێژە بکێشێ، هەتا سێ ساڵی داهاتوو تووشی داڕمین دەبێت و لە نێو دەچێت.

عەلەوی لە قسەکانیدا بەرپرسایەتی ئەم کارەی خستووەتە ئەستۆی کاروباری ئاو و وتوویەتی: ئەوان دەبێ زبڵەکانی ئەو پردە ڕاماڵن، بەڵام ئەرکی خۆیان جێبەجێ ناکەن؛ بە وتەی ناوبراو تا کاتێک کە زبڵەکان ڕانەماڵن، ناتوانین کاری نۆژەنکردنەوەی ئەم پردە دەست پێ بکەین.

پردی مێژووییی قشڵاخ لەسەر ڕووباری قشڵاخ و بە فەرمانی شا سەفی و بە دەستی سڵێمان خانی ئەردەڵان، لە ساڵی ١٠٤٦ی کۆچی مانگیدا ساز کراوە؛ ئەم پردە ٧٨ مێتر درێژ و ٣ مێتر پانە و ٦ ڕێڕەوی هەیە.

ئەم پردە و هەروەها زۆرێک لە ئاسەوارە مێژوویی و گەشتیاریی شارەکانی کوردستان، بە هۆی نەبوونی بەرپرس و گرینگی نەدانی بەشی میراتی فەرهەنگی، شارەداری و هەروەها شوێنە پێوەندیدارەکانی دیکە، بوونەتە شوێنی کۆکردنەوەی زبڵ و سەرەڕای ناشیرینکردنی دیمەنی شارەکان، بەشێک لە مێژووی کوردستانیشیان خستووەتە مەترسیی لەنێوچوونەوە.