کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرشنگی گەلاوێژی دێموکرات نیشتمان ڕووناک دەکات

17:27 - 17 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: لە ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا ئەندام و لایەنگرانی حیزب، لە شارەکانی کوردستان و ئێران چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شارەکانی کوردستان و ئیران بە ئەنجامدانی چالاکیی بەرینی تەبلیغاتی،٧٤ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان پیرۆز کرد.

قارەمانانی دێموکرات لە شاری "دەڕەشار"، ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی گەلاوێژ، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بە ٢٥ی گەلاوێژ و لۆگۆی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە شوێنە گشتی و گرینگەکانی ئەو شارە وەک: "ئوردووگای سپای قودس، شوێنی گەشتیاریی سەراو، پارکی سەخرەیی ناوەندی شار، پارکی شارەداری، چوونە ژوورەوەی شار لە ئابدانانەوە و گردی بەناو سەربازانی گومناو" چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

دروشمەکانی ئەو چالاکییە بریتی بوون لە: "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێکخەری بزووتنەوەی میللی دێموکراتیکی کوردستانی ئێرانە و ڕێگای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێگای ئازادیخوازییە".

هەروەها نیشتمان دۆستانی دێموکرات لە ئەندیمێشک، ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی گەلاوێژ، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بەو ڕۆژە و نووسینی دروشم لە شوێنەکانی: "چوونەژوورەوەی شار لە شووش دانیڵ بەرەو ناوەندی شار، ناوەندی فێرکاریی فەنی و حرفەیی".

دروشمەکانی ئەو چالاکییە بریتی بوون لە: "٢٥ی گەلاوێژ ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پیرۆز بێت، ڕێگای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێگای ئازادی خوازییە، ڕێگای شەهیدان قازی و قاسملوو و شەرەفکەندی درێژەی هەیە".

هەروەها ئەویندارانی ئازادی لە گوندی "هەرسین"ـی سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی مەریوان، بە ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغی و هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، یادی ٧٤ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان بەرز ڕاگرت.

دروشمەکانی ئەو چالاکییە بریتی بوون لە:"پیرۆز بێ ٢٥ی گەلاوێژ، سەردەکەوێت ڕاسان".