کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرۆژەیەکی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران شکستی خوارد

11:59 - 8 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکوچۆڵی نیزامی، بەردەوام سەرقاڵی تاقیکردنەوەی مووشەکین.

هەواڵدەریی "ئاسۆشێتدپرێس" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە: "وێنە ماهوارەییەکان دەرخەی ئەوەیە کە مووشەکێک لە ناوەندی فەزایی خومەینی لە پارێزگای سمنان ئاگری گرتووە".

ئەو ناوەندە مووشەکییە بڕیار بووە ماهوارەیەک بنێرێتە بۆشایی ئاسمان.

کارناسان باس لەوە دەکەن کە ئەوەی لە ناوەندی فەزایی ڕێژیمی ئێران ڕووی داوە، بەهۆی تەقینەوەوە بووە.

ڕێژیمی ئێران بڕیار بوو ماهوارەی "ناهید ١" بنێرێتە بۆشایی ئاسمان، بەڵام ئەو پرۆژەیە شکستی خواردووە.

بەپێی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران مافی کەڵکوەرگرتن لە مووشەکی بالستیک کە توانای هەڵگرتنی چەکی ناوکیی هەبێت، نییە. هاوکات وڵاتانی دیکەش دەبێ لە فرۆشتنی کەلوپەلی نیزامی و پارچەکانی چەکوچۆڵ بە ئێران خۆ بپارێزن.

ڕێژیمی ئێران بەردەوام ڕوونوێنی لە مووشەکی جۆراجۆر دەکات کە توانای تایبەتیان هەیە و باس لەوەش دەکەن کە درێژە بە چالاکییە مووشەکییەکانیان دەدەن.