کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پزیشکان و پەرستارەکانی ڕێکخراوی پزیشکانی جیهان لە ژێر ناوی "هەفتەی کوردستان" کۆ بوونەوە

10:08 - 3 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لە فەرانسە لە کۆبوونەوەی ساڵانەی پزیشکانی جیهاندا بەشداری کرد.

لە ڕۆژانی ٢٢ و ٢٣ی سێپتامبری سالی ٢٠١٨ زایینی بەشێکی بەرچاو لە پزیشک و پەرستارەکانی سەر بە ڕێکخراوی پزیشکانی جیهان کە لە ڕابردوودا هاوکاریان لەگەڵ حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران هەبووە، وەکوو دابی هەمیشەیی خۆیان،  لە نزیک شاری مارسێی لە باشووری فەرانسە لە ژێر ناوی "هەفتەی کوردستان" کۆبوونەوە.

ئەمساڵیش هەروەکوو ساڵانی پێشوو "خۆسرەو عەبدوڵڵاهی" بە نوێنەرایەتی لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوو.

لە ڕۆژی یەکەمی کۆبوونەکەدا لە سەر داخوازیی دکتور "بێرنارد گرانژۆن" سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی پزیشکانی جیهان، نوێنەری حیزب لە فەرانسە، "خوسرەو عەبدوڵڵاهی"  گووتارێکی لە سەر بارودۆخی ئێستای بزووتنەوەی ئازادیخوازیی گەلی کورد بەگشتی و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش بە ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە کرد.

نوێنەری حیزب بەشێک لە قسەکانی تەرخان کردبوو بۆ مووشەکبارانی جینایەتکارانەی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات و هەروەها لە سێدارەدانی لاوانی بێ گوناهی کورد لەم دوایانەدا.

ڵە ڕۆژی دووهەمدا پاش گووتارێکی کورت لە لایەن دوکتور گرانژۆن و مەحکومکردنی مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات، هەر یەک لە پزیشک و پەرەستارەکانی بەشدار، بەشێک لە بیرەوەریەکانی خۆیان لە کاتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات لە کوردستان گێرایەوە؛ بەتایبەتی ئەو بیرەوەریانەی کە پیشاندەری میوانداری و خوێنگەرمیی کوردەکان بوون.

لە کۆتاییدا دکتور گرانژۆن وێڕای سپاس لە ئامادەبوونی نوێنەری حیزب، پشتیوانی خۆی و هاوڕێیانی لە حیزبی دێمۆکرات و جووڵانەوەی ئازدیخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاند.