کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتگیریی سەندیکای ئۆتوبووسڕانیی تاران لە مانگرتنی کامیۆنداران

12:44 - 12 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ١١ ڕۆژ بەسەر مانگرتنی کامیۆنداران، سەندیکای ئۆتوبووسڕانیی تاران پشتگیری خۆی بۆ ئەو ناڕەزایەتییانە دەربڕی.

سەندیکای کرێکارانی ئۆتوبووسڕانیی تاران، ڕۆژی هەینی ١١ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە ڕاگەیەندراوێکدا مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕینی بە مافی کرێکاران زانیوە و پاڵپشتی لە مانگرتن و داواکارییەکانی کامیۆنداران کردووە.

ئەو سەندیکایە داوا لە حکوومەتی ڕۆحانی دەکات، کە بەخێرایی داواکارییەکانی کامیۆنداران و شۆفێر تاکسییەکان بەرچاو بگیرێت و کێشەکانیان چارەسەر بکات، هەروەها داوای لە کرێکارانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی گواستنەوە (ITP) کردووە، هەتا لە مانگرتنی کامیۆنداران و تاکسیڕانانی ئێران پشتگیری بکەن.

لە ١ی جۆزەردانی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، لە ١٦٠ شاری ئێراندا کامیۆنداران و شۆفیر تاکسییەکان، بە نیسبەت ئەستەمبوونی ژیان و کێشە و گرفتەکانیان، مانیان گرتووە.

وەک خۆیان باس دەکەن، ناڕەزایەتیی ئەوان بە هۆی کەمبوونی کرێی بارەکان و لە بەرانبەردا زۆربوونی نرخی شتومەکی پێویستیی ماشینەکان، زۆربوونی حەقی کومیسیۆنی بار و بڕینی یارانەی بیمە لە لایەن دەوڵەتەوەیە.

سەرەڕای ئەوەی کە دەوڵەت ٢٠ لەسەد کرێی بارەکانی بردووەتە سەرەوە، بەڵام کامیۆنداران و شۆفێر تاکسییەکان هەنووکەش سوورن لەسەر هەڵویستی خۆیان و مانگرتنەکەیان بەردەوامن.

شایانی باسە، دوو ڕۆژ پێشتر یەکیەتیی نێودەوڵەتیی کامیۆندارانی ئامریکا و کانادا، لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا پاڵپشتی خۆیان بۆ مانگرتنی کامیۆنداران دەربڕیوە.