کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتگیریی فیدراسیۆنی گواستنەوە نێودەوڵەتی، لە کامیۆندارانی ئێران

12:19 - 13 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: فیدراسیۆنی کرێکارانی گواستنەوەی نێودەوڵەتی، پشتگیریی خۆی لە ناڕەزایەتی و مانگرتنی کامیۆندارانی ئێرانی دەربڕی.

فیدراسیۆنی گواستنەوەی نێودەوڵەتی کە نوێنەرایەتی زیاتر لە ١٩ میلیۆن کرێکاری گواستنەوە لە ١٤٠ وڵاتی جیهان دەکات، ڕۆژی شەممە ١٢ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک پشتگیریی خۆی لە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی کامیۆندارانی ئێرانی دەربڕی.

لەو ڕاگەیەندراوەدا نوئل کوارد، بەرپرسی بەشی زەوینی ئەو فیدراسیۆنە جیهانییە ڕای گەیاندووە، کە شۆفێرەکانی کامیۆن و زۆربەی خەڵکی ئێران بە دەست گرانی و هەڵاوسانی بازاڕەوە دەناڵێنن و داهاتەکانیان بەشی ژیانیان ناکات.

لەو ڕاگەیەندراوەدا کوارد، پێکهێنانی سەندیکای بە مافی ڕەوای کرێکاران زانیوە و وتوویەتی: "سەندیکا کرێکارییەکان ڕەمزی چارەسەریی کێشە و گرفتی کرێکارانە".

ڕۆژی هەینی ١١ی جۆزەردان، سەندیکای ئوتوبووسڕانیی تاران وێڕای پشتگیری لە مانگرتن و داواکارییە ڕەواکانی کامیۆنداران، داوای لە سەندیکای گواستنەوەی نێودەوڵەتی کردبوو، کە پشتگیری لە کامیۆندارانی ئێرانی بکات.

شایانی باسە، کە پێشتریش سەندیکای نێودەولەتیی شۆفێران و کامیۆندارانی ئامریکا و کانادا، لە نامەیەکدا پشتگیریی خۆیان لە ناڕەزایەتیی کامیۆندارانی ئێران دەربڕیبوو.