کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی جیهانی لە مانگرتنی گشتیی کامیونداران

17:07 - 21 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: لە درێژەی مانگرتنی گشتیی کامیونداران و ٢٢هەمین ڕۆژ خۆیدا، پشتیوانیی فیدراسیۆن و سەندیکا نێونەتەوەیییەکان بەدواوە بوو.

ئەم مانگرتنە گشتییە کە لە ڕۆژی ٣١ی خەرمانان دەستی پێ کرد و لە زیاتر لە ٢٣٠ شاری ئێراندا بەڕێوە چووە، سەرەڕای دەستبەسەرکران و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، ئەمڕۆ  ٢٢ ڕۆژەوە هەروا درێژەی هەیە.

لەم ڕاستایەدا، بەشی گواستنەوەی فێدراسیۆنی کرێکارانی دانمارک کە ٥٠ هەزار ئەندامی هەیە، پشتیوانیی خۆی لەگەڵ کامیوندارانی ئێران ڕاگەیاند.

لە لایەکی دیکەشەوە ڕۆژی ٢٠ی ڕەزبەر، فیدراسیۆنی نێونەتەوەییی کرێکارانی گواستنەوە ITFیش لە دووهەمین ڕاگەیەندراویدا، ئەگەری لەسێدارەدانی مانگرتووانی مەحکووم کرد؛ ستیڤان کاتن بەرپرسی ئەم فیدراسیۆنە داوای لە ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کار کردبوو، کە کاردانەوەی لە هەمبەر بارودۆخی کامیوندارانی مانگرتوو هەبێت و کارێک لەو بارەوە بکات.

مانگرتنی کامیونداران کە هەتا ئێستا گیرانی نزیکەی ٣٠٠ کەسی لە شارە جیاوازەکانی ئێرانی لێ کەوتووەتەوە، بووەتە هۆی دروستکردنی کێشەگەلێکی زۆر لە بوارەکانی گواستنەوەی مەڕوماڵات، کێشەی بارکردنی بارەکانی پێترۆشیمی و سووتەمەنیی لە کارخانە و پالایشگاکان.

لە لایەکی دیکەشەوە، عەلی سابری، بەرپرسی ئەنجومەنی شیرکەتەکانی بەرهەمهێنانی گۆشتی مریشک لەم بارەوە ڕایگەیاند، بە هۆی مانگرتنی کامیونداران لە گواستنەوە، مریشکی گۆشتی و هێلکەکەر تووشی کێشە هاتوون و مریشکەکان لە هۆڵەکاندا بە برسیەتی ماونەتەوە کە چالاکانی ئەم بەشەی تووشی کێشە کردووە.

شۆرای هاوئاهەنگیی شۆفێرانی کامیۆن لە بانگەوازێکدا بۆ مانگرتنی گشتی، لە ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەر، بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر نەبوونی پێداویستییە سەرەکییەکان و گرانیی نرخی لاستیک، گەندەڵی شیرکەتە باربەرییەکان، نەناساندنی شۆفێری وەک کاری قورس، نەدانی بەشی بیمەی دەوڵەت، کەمبوونەوەی کۆمسیۆنی شیرکەتە باربەرییەکان،  بەرزی نرخی کرێی بار و گەندەڵیی پولیسەکانی هاتووچۆ، دەستیان داوەتە مانگرتنی گشتی.

لەکاتێکدا مانگرتنی کامیونداران چووە ناو چوارەمین حەوتووییەوە، کە هەڕەشەی ئێعدامکردن و سزادانی توند لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکان و بەرپرسانی ڕێژیمەوە بەردەوام لە شۆفێران دەکرێت، بەڵام هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێک لە ڕاستای چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەم شۆفێران هەڵ نەگیراوە.