کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشکی چینی هەژاری ئێران لە چۆنیەتیی فێرکاری نزیک بە سیفرە

12:55 - 30 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ئاکامی کونکووری ئەمساڵ و پشکی ١ لەسەدیی قوتابخانە دەوڵەتییەکان لە پلەکانی یەکەم، دەرخەری چینایەتی ‌بوونەوەی نیزامی فێرکاری لە ڕێژیمی ئێراندایە.

هاوکات لەگەڵ گرانبوونی نرخی کەرەستەی نووسین و گوشاری زیاتر بۆ سەر قوتابییانی هەژار، لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندندا، ئاکامی کونکووری ئەمساڵ و پشکی ١ لەسەدیی خوێندکارانی قوتابخانە دەوڵەتییەکان بۆ بوارە باڵاکانی خوێندن لە زانکۆکاندا، دەرخەری چینایەتی بوونەوەی نیزامی فێرکاری لەو وڵاتەدایە.

شرۆڤەکاران بەپێی زانیارییە جیاوازەکان، لەوانە ئاکامی کونکووری ئەمساڵ، پەرەپێدانی کەرتی تایبەتیان بە شێوەی گشتی، بە هۆکاری گەشەی "نابەرابەریی فێرکاری"، لە چەند دەیەی ڕابردوودا ناو لێ بردووە کە بەهۆیەوە چۆنیەتیی فێرکاری وەک "کاڵا"یەکی دوورەدەستی لێهاتووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ٤٠ کەسی یەکەمی کونکووری ئەمساڵدا، ٦٦ لەسەدیان لە قوتابخانە ناحوکمییەکان و نموونەدەوڵەتییەکان بوونە و ٣٣ لەسەدیان لە قوتابخانەکانی "سمپاد" (سازمان مدارس پرورش استعدادهای درخشان) دەرسیان خوێندووە، لە حاڵێکدا کە نیوەی ئەو خوێندکارانە خەڵکی تارانن.

لە سیستمی فێرکاریی ئێراندا، دوای وەرگرتنی دیپلۆم، سەرجەم قوتابییانی هەموو بوارەکانی خوێندن لە تاقیکارییەکدا بە ناوی "کونکوور" بەشداری دەکەن، هەتا بۆ زانکۆکان قەبووڵ بن.

بەڵام بەپێی پێدانی پشکی جیاواز بە قوتابخانە ناحوکمییەکان، ئەو خوێندکارە هەژارانەی کە لە قوتابخانە دەوڵەتییەکاندا دەخوێنن، دەرفەتی پێشکەوتنیان لە ئاستی سیفردایە.