کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشکی ئێران لە بازاڕی فرۆشتنی فەڕش دابەزیوە

13:46 - 17 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ئێران کە تا چەند دەیە پێش ئێستا پشکداری سەرەکیی فرۆشتنی فەڕشی دەستچن بوو، لە ئێستادا دابەزینی بەرچاوی پشکی فرۆشتنی فەڕشی لە بازاڕە جیهانییەکاندا بە خۆیەوە بینیوە.

"داوود محەممەدی"، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەسڵی ٩٠ی مەجلیسی ڕێژیم وتویەتی: "تا چەند دەیەی ڕابردوو، ئێران ٨٠ لەسەدی بازاڕی فەڕشی دەستچنی دنیای لە دەستدا بوو کە ئەم ڕێژەیە لە ئێستادا بۆ ١٥ لەسەد دابەزیوە".

"محەممەدی" هەروەها وتویەتی کە ئەگەر تەنیا ١٠ لەسەدی ئەو پاڵپشتییانەی کە لە پیشەی ماشینسازی کرا، تایبەت بە پیشەی فەڕشی دەستچن دەکرا، دەرفەتی کاری زیاتر و داهاتی زیاتری دەبوو.

هەروەها زیادی کردووە: "ئێمە دەتوانین بە شانازییەوە سەرمان بەرز ڕابگرین و فەڕشی ئێرانی بە بەرهەمهێنانی نەتەوەیی ناو لێ ببەین، بە پێچەوانەی ماشینی ئێرانی کە نەتەنیا شانازی پێوە ناکرێت، مایەی شەرمەزاریشە".

ئەم قسانەی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە ڕێژیم پشتیوانی لە فەڕشچنەکان ناکات و دەرفەت و هەلی گونجاویان لەو کارەدا بۆ دابین ناکات و هەروەها گەمارۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەو بوارەدا هەبووە.