کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پورتەغاڵ/ هونەرمەندانی کوردستان سێ خەڵاتی سەرەکیی فستیڤاڵی جیهانیی فیلمیان بەدەست هێنا

23:13 - 15 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: هونەرمەندانی کوردستانی لە هەژدەهەمین فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئاوانکادا توانیان باشترین خەڵاتی فیلمی سینەمایی، باشترین ئەکتەری ژن و وێنەگری بۆخۆیان مسۆگەر بکەن.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، له فستیڤاڵی جیهانیی فیلمی ئاوانکا کە لە رێکەوتی یەکەمی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی لە وڵاتی پورتەغال دەستی پێکردووە، هونەرمەندانی کوردستانیی بەشداربوو لەو فستیڤاڵە توانییان باشترین خەڵاتەکان بۆخۆیان مسۆگەر بکەن.

فیلمی سینەمایی دوایین زستان (زمستان آخر) لە دەرهێنانی سالم سەلەواتی فیلمسازی کوردی خەڵکی شاری سنه و هەروەها کورتە فیلمی رەش و سپی (سیاە وسفید) بەرهەمی سینماکاری کوردی خەڵکی سنه جەلال ساعیدپەنا لە بەشی کێبڕکێی ئەو فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەدا بەشدارییان کرد.

ئەو دوو فیلمە لەو فستیڤاڵەدا توانییان خەڵاتی باشترین فیلمی سینەمایی، باشترین ئەکتەری ژن و باشترین وێنەگری کە خەڵاتی ئەسڵی فێستیڤاڵی ئاوانکای پورتەغال بوون، بەدەست بێنن.

فیلمی دوایین زستان لە دەرهێنانی سالم سەڵەواتی خەڵاتی باشترین فیلمی سینمایی ئەو فێستیڤاڵەی بۆخۆی مسۆگەر کرد.

هەروەها خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژن بە ئاسیە مورادی زەر لە فیلمی سینمایی دوایین زستان پێشکەش کرا.

هەر لەو پێوەندییەدا ، خەڵاتی باشترین وێنەگری لە فێستیڤاڵی ئاوانکا، بە ئەمیر عەلی وەیسی هونەرمەندی کورد بۆ وێنەگرتنی کورتە فیلمی رەش و سپی لە دەرهێنانی جەلال ساعیدپەنا پێشکەش کرا.

فستیڤاڵی ئاوانکا دوای ٥ رۆژ لە رێکەوتی ٥ی گەلاوێژ کۆتایی پێهات.