کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پولیسی برزیل گەورەترین پاڵپشتی ماڵیی حیزبوڵڵای دەسبەسەر کردووە

11:15 - 1 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: پولیسی برزیل یەکێک لە گەورەترین پاڵپشتە ماڵییەکانی گرووپی تێرۆریستیی حیزبووڵڵای لوبنانی لە ئامریکای باشوور دەسبەسەر کردووە.

پولیسی وڵاتی برزیل ڕایگەیاندووە، کە "ئەسەد ئەحمەد بەرەکەت"، یەکێک لە گەورەترین پاڵپشتە ماڵییەکانی گرووپی تێرۆریستی حیزبوڵڵای لوبنانی لە ئامریکای باشوور کە خەریک کردەوەی تێرۆریستی بووە، لە سنووری نێوان پاراگوئە و ئارژانتین دەسبەسەر کردووە.

ئەسەد ئەحمەد بەرەکەت لە ساڵی ٢٠٠٦ی زایینی لە لایەن ئامریکاوە خراوەتە لیستەی ئەو کەسانەی لە سێگۆشەی برزیل، ئارژانتین و پاراگوئە بۆ حیزبوڵڵای لوبنان کار دەکەن و وەکوو تێرۆریستی جیهانی ناوی بردووە و داوای دەسبەسەرکردنی کردووە.

ئامریکا سنوورەکانی ئەو سێ وڵاتەی وەکوو شوێنی چالاکیی پوڵشۆری و قاچاخی مادە هۆشبەرەکان و هاتووچۆی ئەندامانی گرووپە تێرۆریستییەکان بەتایبەت حیزبووڵڵای لوبنانە باس کردووە.

ئەو تێرۆریستە سەرەڕای ئەوەی کە لە لایەن ئامریکاوە بە تاوانبار ناسراوە، لە وڵاتانی پاراگوئە و ئارژانتین بە تاوانی پوڵشۆری و هەڵهاتن لە دەست ماڵیات، پێشتر دەسبەسەر کراوە و لە ژێر چاوەدێریی پولیس بووە و یەکێکە لەو ٩ کەسەیە،کە لە دوو گرووپی ئابووریی لە لایەن ئامریکاوە دەست بەسەر دارایییەکانیان گیراوە.

ئەسەد ئەحمەد بەرەکەت، شارومەندی لوبنانییە و هەنووکە لە شاری فوز دولوئاچو لە زینداندایە، هەتاکوو لە دادگای یەکێک لە وڵاتانی برزیل یان پاراگوئە تاوان و سزاکانی دیاری بکرێت.

گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، لە ناوچەکە و سەرانسەری جیهاندا چالاکی تێرۆریستی دەکات و بۆ دابینکردنی تێچووی کردەوە تێرۆریستییەکانی، قاچاخی چەکوچۆڵ، مادە هۆشبەرەکان و پوڵشۆری دەکات و ڕێژیمی ئیران لەم بوارانەدا ڕێگەی بۆ خۆش کردووە.

سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران پاڵپشتی ماڵی لە گرووپە تێرۆریستییەکان بەتایبەت حیزبوڵڵای لوبنان دەکات، بە بڵاوکردنی کەسایەتی تێرۆریستەکان لە جیهاندا، هەوڵ بۆ سیخوڕیکردن و  هێرشی سایبریش دەدات.