کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پووشپەڕ، مانگی ڕێزگرتن یان بێڕێزی‌کردن بە کورد

12:21 - 22 پووشپەڕ 2719

پشکۆ ئەحمەدی

مانگی پووشپەڕ بۆ خەڵکی کورد لە کوردستانی ئێران، مانگێکی شووم و نگریسە. پووشپەڕ وەبیرهێنەرەوەی تێرۆری سەرۆکی ئازا و بلیمەت دوکتۆر عبدولڕحمان قاسملوو، یەکێک لە لێهاتووترین و لە هەمان کاتدا خۆشەویسترین ڕۆڵەکانی گەلی کورد بە ئەژمار دێت، هەر بۆیە لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی ئەم کارەساتە دڵتەزێن و جەرگبڕەوە کۆمەڵێک چالاکیی بەربڵاوی مەدەنی لە داخستنی دوکان و بازاڕی زۆربەی شارە کوردییەکانەوە بگرە تا دەگاتە دیدار لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدان و گیان بەختکردووان، هەروەها دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی و... بەڕێوەچووە.

مانگی پووشپەڕ بۆ ئێمەی کورد بووە بە هێمای بەرەنگاریی مەدەنی لە هەمبەر تێرۆر، تۆقاندن و ڕەشەکوژی کۆماری پەت و سێدارە. ئەگەرچی ڕێژیم پێی وابوو بەم کردەوە ترسنۆکانە دەتوانێت بزووتنەوەی میللی- دێمۆکراتیکی کورد لە کوردستانی ئێران پەکەر و لاواز بکات، بەڵام بە خۆشییەوە ئەم حەز و خولیا قێزەونانە، نەتەنیا سەری نەگرت، بەڵکوو بەپێچەوانەوە مانگی پووشپەڕ بووە بە پاژنە ئاشیل و خاڵی لاوازی ڕێژیمی دواکەوتوو و دژی گەلی کۆماری بەناو ئیسلامی، کە وابوو ئەم مانگەش بۆ ڕێژیم گرینگی و بایەخی زۆری پەیدا کردووە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و کەم بایەخ نیشاندان و لە هەمان کاتدا پەردەپۆشکردنی ئەم کارەساتە دڵتەزێنە، کۆمەڵێک هەڵوێست و کردەوەی جۆراوجۆر لە هەڕەشە و تۆقاندن بگرە تا دەگاتە گرتن و زیندانیکردنی چالاکانی مەدەنی و کلتووری، بەتایبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا بە شێوەی ژێر بە ژێر و نەرم، دەستی داوەتە کۆمەڵێک کردەوەی بەناو فەرهەنگی وەکوو بەڕێوەبردنی کۆنسێرت، سێمینار و کۆنگرە. کۆنگرەی ڕێزلێنان لە ناودارانی کورد، لەژێر ناوی "مشاهیری کورد"، لە شاری سنە، ڕێکەوتی ١١ و١٢ی پووشپەڕ، نموونەی هەرە تازەی ئەم پیلانانەیە.

پرسیاری سەرەکی لێرەدایە کە دەبێ ڕووبەڕووی بەشداربووانی ئەم کۆنگرەیە بکرێتەوە ئەوەیە: گەلۆ، چۆنە کە ڕێژیم لە مانگی پووشپەڕدا لە لایەک یەکێک لە سەرکردە هەرە خۆشەویست، لە هەمانکاتدا ئازا و بلیمەتەکانی کورد لە سەر مێزی وتووێژ بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەی کورد تێرۆر دەکات، بەڵام لە لایەکی دیکەوە ڕێک لە هەمان مانگدا کۆنگرەیەک بۆ ڕێزگرتن لە کەسایەتییە کوردەکان بەڕێوە دەبات؟؟ کەسایەتیگەلێک ڕەنگە بەبەراورد لەگەڵ قاسملوو وەبیرهێنەرەوەی  تەمسیلی مێش و سیمورغی حافزی شیرازی بن و نەتەنیا نوێنەرایەتی ناسنامە و شوناسی کورد ناکەن، ڕەنگە نوێنەری بنەماڵەی خۆشیان نەبن!!

ڕێژیم بۆ بەرپەرچدانەوەی چالاکی مەدەنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، هەروەها بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتە دژی گەلییەکانی خۆی لە هیچ جۆرە هەوڵ و کۆششێک درێغی نەکردووە و نایکات. هەروەک ئاماژەمان پێدا ڕێژیم لەم ساڵانەی دواییدا بۆ گەیشتن بە ئامانج و پیلانەکانی ڕووی کردووەتە کاروچالاکی فەرهەنگی و بۆ دەستەبەربوونی پیلانەکانی لە یارمەتی و هاریکاریی هەندێ دەستوپەیوەندی خۆی لە زانکۆکان، کەسانی بەناو ڕۆژنامەوان و ڕاوێژکاری فەرهەنگی و هونەری کەڵک وەردەگرێت، واتە لەم ڕێگەوە دەیهەوێت مەشروعییەت و ڕەوایی بە کار وچالاکییە دزێو و دژی‌گەلییەکانی خۆی بدات.

دوو پرسیاری دیکە لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم باسەدا کە پێویستە بە خێرایی ئاوڕی لێ بدرێتەوە ئەوەیە، یەکەم، بۆچی ئەم جۆرە کاروچالاکییانە لە هەلومەرجی ئێستادا و بەتایبەت لە کوردستاندا بەڕێوە دەچێت؟ دووهەم، مەبەستی ڕێژیم لەم جۆرە کاروچالاکییانە چییە؟ و ئایا بە ڕاستی ڕێژیم دەیهەوێت ڕێز لە کەسایەتییە کوردەکان بگرێت؟

لە پەیوەندی لەگەڵ وڵامی پرسیاری یەکەمدا پێویستە بگوترێت بە گشتی هەلومەرجی ناوخۆیی ڕێژیم لە ئاکامی گەندەڵی و ناکارامەیی دامودەزگاکانی، هەروەها تەحریمەکانی ئامریکا لە بارودۆخێکی دژوار و دەڵەمەدایە وناڕەزایەتی و بەرەنگاری لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە؛ سەرەڕای خراپیی بارودۆخی گشتیی هەلومەرجی ناوچە ئیتنیکییەکان، چەندین قات خراپ و نالەبارترە. لەم نێوانەدا هەلومەرجی ناوچە کوردنشینەکان بەهۆی ئەوەیکە خاوەن حیزب و ڕێکخراوە و خاوەن پێگەی بەهێزی کۆمەڵایەتین بەبەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی ئێران گەلێک جیاوازە و یەکێک لەو شوێنانەی لە ئەگەری هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێکدا لە ئێران ڕەنگە ڕەچەشکێن و سەرقافڵەی گۆڕانکاری بێت، کوردستانە. سەرباری هۆکاری یەکەم فاکتەرێکی دیکە کە لەم ساڵانەی دواییدا ڕێژیمی وەزاڵە هێناوە، سەرهەڵدانی گوتاری ڕاسانە.

ڕاسان واتە گەڕانەوەی هێز و وزە بۆ خەڵکی کورد لە کوردستانی ئێران، بابەتێک لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی پاشەکشەی هێزە کوردییەکان لە ناوچە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی کوردستانی باشوور و هاتنەئارای هەندێک ڕەوتی بەلاڕێدابەر و دوورخستنەوەی وزە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کەوتبووە پەراوێزەوە بەڵام گوتاری ڕاسان لە ئاکامی لێکگرێدانی خەباتی شاخ لەگەڵ شار، ئەم بۆشاییەی پڕکردووەتەوە و هێز و وزەیەکی لە بڕاننەهاتووی خوڵقاندووە.

سەبارەت بە وەڵامی پرسیاری دووهەم دەبێ بگوترێت ڕێژیم لەم جۆرە کار و چالاکییانە وەکوو جۆرێک ئایدۆلۆژی کەڵک وەربگرێت، واتە ڕێژیم دەیهەوێت لەم ڕێگەوە هەندێک واقعییەت و ڕاستی پەردەپۆش بکات و هەندێک واقعییەتی درۆینە و هەڵە بخاتە ڕۆژەڤەوە و لەم ڕێگەوە ڕای گشتیی خەڵکی کوردستان بەلاڕێدا ببات، بۆ وێنە دەیانەوێت لە ڕێگەی بانگهێشتکردنی هەندێک کەسایەتیی هونەری و کولتوری و سیاسیی ناکاریگەر لە بەشەکانی دیکەی کوردستان کاریگەریی کەسایەتیی قاسملوو کەمڕەنگ بکرێتەوە لە هەمان کاتدا لە ڕێگەی میدیا و پڕوپاگەندەوە کارەساتی ٢٢ی پووشپەڕ لەبیر بکرێت، بەم شێوەیە لەم هەلومەرجە هەستیارەدا بەر بە خەباتی مەدەنیی خەڵک بگیردرێت یان وەکوو دژکردەوە لە هەمبەر خۆپیشاندانی شاری  بروکسێل (ڕاسانی تاراوگە) لە ڕێگای میدیا و پڕوپاگەندەوە بە وڵاتانی دونیا ڕابگەیەنن کە لە ئێران کێشەیەک بە ناوی کێشەی کورد بوونی نییە و بۆ وێنە باس لەم جۆرە کۆڕ و کۆبوونەوانە دەکرێن و دەڵێن ئەوە نییە ئێمە ڕێز لە کەسایەتییە کوردەکان و تەنانەت ئەو کەسایەتییە بیانیانە دەگرین کە لە پەیوەندی لەگەڵ پرسی کورد کار و چالاکی دەکەن.

مەبەستێکی دیکەی ڕێژیم ئەوەیە دووبەرەکەی و کەلێن بخاتە نێوان کەسایەتییەکان و خەڵکی کوردستانەوە و بەم کارە لە جێگەی ڕێزلێنان شکۆ و ڕێزی ڕابردوویان دەشکێنێت، ئەگەرچی پێویستە بگوترێت کە ئەو کەسایەتییانەی کە بانگهێشتی ئەم کۆنگرەیە کراون دەبێ لە چەند بەشی جیاوازدا پۆلێنبەندی بکرێن و بە یەک چاو سەیر نەکرێن. واتە هەندێک لەو بەناو کەسایەتییانە کەسانێکی بەکرێگیراو و مۆرەی ڕێژیم وەکوو "بیژەن زەنگەنە" و "ڕەحمان فەزڵی" و... لەخۆ دەگرن کە هەموو ژیانیان خزمەت و نۆکەرایەتی بۆ داگیرکەر بووە. لە بەشێکی دیکەی ئەم دابەشکردنەدا کەسانێکی نەزان هەڵکەوتوون، کە بەداخەوە هیچ جۆرە خوێندنەوەیەکی ئوسووڵییان لە ناسنامەی کورد و هەلومەرجی هەنووکەیی کوردستانی ئێران نییە و جیهان بەپێی بەرژەوەندیی گیرفان ڕاڤە دەکەن.

ژمارەیەکی کەمی دیکەی بەشداربووان کەسانێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەرن کە بەداخەوە لە ڕێگەی هەندێک کەسانی دانیشگایی و ڕۆژنامەوانەوە فریودراون و بەسەر تەڵەدا پەڕێندراون.

وەکوو ئاکامی کۆتایی دەبێ بگوترێت ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە ماوەی چل ساڵ دەسەڵاتی ڕەشی خۆیدا بەردەوام نکۆڵی لە کورد و ناسنامەی کورد کردووە و بە بیانووی کوردبوون زۆربەی کەسایەتییەکانی تێرۆر، زیندانی و پەراوێز خستووە، بە هەمان شێوە لە دانی نزمترین بەرپرسیاریەتیی سیاسی، کلتووری و کۆمەڵایەتی خۆی بواردووە. ڕێژیم بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی ئامادەیە هەموو کەسێک بکاتە پرد و لە کەسایەتییەکان وەکوو ئامێر و کەرەستە کەڵک وەربگرێت، واتە ڕێژیم بەم کارە نەتەنیا ڕێز لە کەسایەتییەکان ناگرێت، بەڵکوو سووک و تەنانەت تێرۆری کەسایەتیشیان دەکات.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.