کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆستێرفرۆشی، پیشەی نوێی لاوانی کوردستان

13:51 - 17 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: لاوانی کوردستان به هۆی بێکاری و کێشەی ئابوورییەوە، ناچارن ڕوو لە بەناو پیشەکان بکەن.

هەواڵدەریی حکوومەتی "تەسنیم" له ڕاپۆرتێکدا باسی لە بێکاری و خەریکبوونی لاوانی شاری سنه به پیشەی پۆستێرفروشییەوە کردووه.

لەم ڕاپۆرتەدا، لاوێکی خەڵکی شاری سنه که نزیک به ٢٠ ساڵە سەرقاڵی پیشەی پۆستێرفرۆشتنە، له بارەی دۆخی نالەباری ژیانی خۆی و کەمبوونی داهاتی ئەم پیشەیە قسەی کردووه.

له لایەکی ترەوە، زۆربەی لاوانی سنه دەبێ له چاوەڕوانیی ئەوەدا بن، که ئاخۆ کەی گۆرانیبێژێکی فارس دێت و ئەوان به بڵاوکردنەوەی پۆستێرەکانی کۆنسێرتەکەی لەسەر شەقامەکان لە بەیانییەوە هەتاکوو ئێواره، دەبنه خاوەنی ٥٠٠٠ هەزار تمەن.

بێکاری یەکێک لە  کێشە سەرەکییەکانی لاوان له شارەکانی کوردستانه و نەبوونی پیشە و هەروەها کەمبوونی داهاتی پیشەکانی دیکەش لەو هۆکارانەن که بوونەتە هۆی ئەوەی که لاوانی کورد ڕوو بکەنە ئەنجامدانی بەناو پیشە کەمداهاتەکان و له زۆربەی کاتیشدا ناچار به کۆچی ناچاریی بۆ شارەکانی دیکەی ئێران دەبن.

پیشەگەلێکی وەکوو فرۆشتنی سی دی لەسەر شەقامەکان، پێوانی کێشی خەڵک، دەسفرۆشی و گرینگتر لەوانه فرۆشتنی پۆستێری ئەکتەر و گۆرانیبێژە بەناوبانگەکان که داهاتێکی یەکجار کەمیشیان هەیە، لەو دەستە پیشانەن کە ئەمڕۆ له کوردستاندا بوونەتە باو.

ڕێژیمی ئێران له پێناو چارەسەرکردنی ئەم کێشە له کوردستاندا، هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی هەڵ ناهێنێتەوە و  زۆربەی کاتەکانیش به ڕەتکردنەوە یان دەرنەکردنی هێشتەی پیشەیی بۆ یەکە بەرهەمهێنەرەکان پێش به کارکردنی لاوان دەگرێت.

لە لایەکی تریشەوە لە ڕێگەی شارەوانییەوە به بیانووی گرتنی ڕێگەی هاتووچۆ، پێش به دەسفرۆشی خەڵک دەگرێت و دوایش له خستنەڕووی ئاماری بێکاراندا ناویان تۆمار ناکات و به ئاماری درۆیی ئاستی بێکاری لەم شارانەدا لە ئاستێکی زۆر نزمدا ڕادەگەینێ.