کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ: ئازاری گەمارۆوەکان لەسەر ڕێژیمی ئێران زیاد دەکات

11:21 - 10 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئامریکا، باسی لە دەستپێکردنی گەمارۆوەکان لە حەتووی داهاتوودا کرد و وتی: ڕێژیمی ئێران ئازاری گەمارۆوەکانی هەست پێ کردووە.

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی چوارشەممە، ٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا باسی لە وەگەڕخستنی خولی دوووهەمی گەمارۆوەکانی وڵاتەکەی خۆی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران کردووە.

بە وتەی پۆمپێئۆ، گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ هەناردەکردنی نەوت، لە ٥ی نوامبرەوە دەست پێ دەکات. ئەوان پێشتر داوایان لە وڵاتانی ئورووپایی کردبوو، کە هاوردەکردنی نەوت لە ئێرانەوە بۆ وڵاتانی خۆیان کەم بکەنەوە.

محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە خولی دووهەمی گەمارۆوەکان وتوویەتی: "ئامریکا بەم شێوەیە ئازاری خەڵکی ئێران دەدات، چونکە گەمارۆوەکان هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر گۆڕینی سیاسەتەکانی ئێمە نابێت".

حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ڕێژیمیش دوێنێ چوارشەممە، سەبارەت بە وەگەڕخستنی گەمارۆوەکان لە کۆبوونەوەی لێژنەی دەوڵەتدا، وتوویەتی: "ڕەنگە گەمارۆوەکان لە چەند مانگی ڕابردوودا ژیانی خەڵکیان تاڵ کردبێت و ئەم ڕەوتە بۆ مانگەکانی داهاتووش بەردەوام بێت، بەڵام دەوڵەت بۆ کەمکردنەوەی کێشەکان هەموو هەوڵی خۆی دەدات".

ڕۆحانی ڕوو بە بەرپرسانی ئامریکایی وتوویەتی: "ئێوە ناتوانن پێش بە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بگرن، ئێوە دەتانەوێ خەڵکی ئێران لە دەوڵەت تووڕە بکەن".

قسەکانی بەرپرسانی ڕێژیم لە حاڵێکدایە، کە ٣ ڕۆژی دیکە خولی نوێی گەمارۆوەکان بە دژی ڕێژیمی ئێران دەست پێ دەکات و لە ماوەی چەند مانگی ڕابردووشدا خەڵکی ئێران بە سەدان جار دەستیان داوەتە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و بە شێوەگەلی جیاواز تووڕەیی خۆیان لە بەرپرسانی ڕێژیم و دۆخی نالەباری ئابووری دەربڕیوە.