کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ: داواکاریی ئێمە لە ڕێژیمی ئێران خەیاڵاوی نییه

12:26 - 2 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا، لە پرێس‌کۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاندوووە، داواکارییەکانی ئێمە لە ڕێژیمی ئێران وەهم و خەیاڵ نییە و ڕێژیمی ئێران دەتوانێت ئەو داواکارییانە جێبەجێ بکات.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، "مایک پۆمپێئۆ" وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا، لە پاش هەڵوێست و ڕەخنەکانی هەندێک لە وڵاتانی جیهان لە دوای ڕاگەیاندنی "ستراتیژی"ـی ئامریکا بە نیسبەت ڕێژیمی ئێران، ناوبراو جەختی کردەوه، داواکارییەکانی واشنتۆن لە ڕێژیمی ئێران زۆر دژوار نییه.

ئەو بەرپرسە پایەبەرزەی ئامریکا لەو پرێس‌کۆنفڕانسەدا باسی لەوە کردووە، ئەو ئەرکانەی کە ڕێژیمی ئێران دەبێ جێبەجێی بکات دژوار نین و ساکارن و زۆربەی وڵاتانیش هەر ئەو کارانە دەکەن، ئێمە وتوومانە کە پشتیوانی لە تێرۆریزم مەکەن ئەوە شتێکی خەیاڵی نییه.

ناوبراو لە قسەکانیدا ڕایگەیاندووە ئێمە هەر هەوڵ و کارێک دژی ئیسرائیل ئەنجام بدرێت، دژی ڕادەوەستین.

پۆمپێئۆ لە قسەکانیدا جەختی کردەوە کە ڕێژیمی ئێران کردەوەی تێکدەرانە دژی دراوسێ و وڵاتانی جیهان ئەنجام دەدات، بەڵام واشنتۆن دژی ئەو هەوڵانەی ڕێژیمی ئێران دەوەستێتەوە.

پاش ڕاگەیاندنی سیاسەتی نوێی ئامریکا لە بەرامبەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، کە لە لایەن مایک پۆمپێئۆ لە دامەزراوەی هێریتیچ ڕاگەیەندرا، کۆمەڵێک دژکردەوەی لە ئاستی جیهانیدا لێ کەوتەوە.

جیاواز لە هەڵوێستە سیاسی و فەرمییەکان و تەنیا چەند کاتژمێر پاش قسەکانی پۆمپێئۆ هەزاران کاربەری تویتێری بە هەشتەگی گۆڕینی ڕێژیمی ئێران (#iranregimechange) خوازیاری ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوون.