کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ: دەورانی بێدەنگیمان لەبەرامبەر کردەوەکانی تاران تەواو بووە

10:48 - 21 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئامریکا جارێکی تر وێڕای ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئۆباما لەهەمبەر کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند: ئەو دەورانە بەسەر چوو کە ئامریکا چاوی لەهەمبەر کاروکردەوە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامی دابخات؛ ئامریکای ئێستە لەبەرامبەر کردەوە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامی بێدەنگ نابێت.

مایک پۆمپێئۆ ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانبار لە ئاخاوتنێکدا لە زانکۆی ئامریکایی قاهێرە و لە ڕەوتی نوێترین سەفەری خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناڤین ڕایگەیاند: بێدەنگی و سیاسەتە هەڵەکانی دەوڵەتی پێشووی ئامریکا بوونە هۆی ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی ئازادییەکان لە ئێراندا زیندانی بکات؛ بەڵام سەرۆک ترامپ کۆتایی هێنا بەم ڕەوشە، ئێمە کۆتاییمان پێهێنا؛ ئێمە ڕامانگەیاندووە پشتیوانی لە ئازادیخوازانی ئێران دەکەین و نابێ پشتگیری ئاخوندەکان بکرێت.

سەبارەت بە بەرجامیش وتوویەتی: ئەو ڕێککەوتنە بۆ ئێمە وانەیەکی گرینگ بوو، کاتێک کە ئێمە لەگەڵ دوژمنەکەمان ڕێک کەوتین، تووندڕەوی و ئاژاوە لە ناوچەدا زیادیان کرد؛ ئێمە بەدوای درووست کردنی ئیمپراتورییەوە نین بەڵام ئایا کۆماری ئیسلامیش هەروایە؟

وتوویشیەتی: ئامریکا بۆ کەمکردنەوەی دزە و نفووزی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە و دەرکردنی هێزەکانی سەر بە تاران لە سووریە هەموو هەوڵی خۆی خستۆتە گەڕ تاکوو بەمشێوەیە ئەمنیەت و ئاسایشی ناوچە جێگیر بکرێت.