کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ: لە هەوڵەکانی هاوپەیمانە ئورووپایییەکان بە دژی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران پشتیوانی دەکەین

11:59 - 19 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران، کە چاوەڕوانی وڵاتە ئوروپایییەکان بوو، هەتا لەم قەیرانە سیاسی و ئابوورییە ڕزگاری بکەن، هیوابڕاو دەبێت.

پاش ئەوەی کە وڵاتی ئاڵمان بەناو دیپلۆماتکاری ڕێژیمی ئێرانی بە گومانی "دەستهەبوونیان لە پیلانی بۆمبدانان" لە شوێنی کۆبوونەوەی موجاهدینی خەلقی ڕادەستی وڵاتی بلژیک کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەم هەوڵەی ئاڵمان پشتیوانی کرد.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا، بە ئاماژکردن بە دەسبەسەرکردنی "ئەسەدوڵڵا ئەسەدی" لە لایەن وڵاتی ئاڵمانەوە و ڕادەستکردنی بە وڵاتی بلژیک، کە لەژێر ناوی دیپلۆماسییەوە خەریکی کاری تێرۆریستیی بووە، باسی لەوە کردووە: کە ئەم کارە بووە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵێک کەسی گوماناوی لە ئاڵمان و فەڕانسە ئاشکرا و دەسبەسەر بکرێن.

وەزیری دەرەوەی ئامریک ئاماژەی بەوە کردووە، کە پیلانی بۆمبدانان لە شوێنی کۆبوونەوەی موجاهدینی خەلق ئەوە ئاشکرا دەکات، کە پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە گرووپە تێرۆریستییەکان لە وڵاتە ئورووپایییەکان درێژەی هەیە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی: "ئێمە لە هاوپەیمانە ئورووپایییەکانمان لە ڕەوتی ئاشکراکردن و بەرەنگاربونەوە لەگەڵ هەڕەشە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران پشتیوانی دەکەین و هەتا کۆتایی لەگەڵیان دەمێنیننەوە.

ئەگەرچی بەرپرسانی رێژیمی ئێران دەسبەسەرکردنی بەناو دیپلۆماتەکەی (ئەسەدوڵڵا ئەسەدیـ)ـی بە پیلانێک بە دژی خۆی زانیوە، بەڵام ئەمە یەکەمجار نییە کە ئێران پیلانە تێرۆریستییەکانی لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران ئاشکرا دەبێت، یەک لەو کردەوە تێرۆریستییانەی کە لە لایەن دادگای فیدراڵی وڵاتی ئاڵمان، لە ساڵی ١٩٩٧ی زایینیدا ئاشکرا کرا و بە هۆیەوە زۆرێک لە بەرپرسانی ڕێژیم بەتایبەت خامنەیی وەکوو تاوانباری سەرەکی ناسێندران، دۆسییەی تێرۆری د.سادق شەرەفکەندی سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکرات و هاوڕێیانی بوو، کە لە ڕێستورانی میکۆنۆس لە شاری برلینی ئاڵمان، لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاوی، لە لایەن تێرۆریستانی ئەم ڕێژیمەوە شەهید کران.