کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ ڕوو لە کۆماری ئیسلامی: ئیزنتان پێنادەین

12:10 - 17 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە تویتێکدا دژکردەوەی خۆی بەرامبەر بە قسەکانی خامنەیی و هەوڵە نوێکانی ڕێژیمی تاران لەهەمبەر پیتاندنی دووبارەی ئۆرانیۆم نیشان دا.

مایک پۆمپێئۆ لە تویتێکدا ڕایگەیاندوە: ئێمە بە وردی بەدواداچوون بۆ ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە بەرنامە و پلانی ئێران لەهەمبەر زیادکردنی ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم دەکەین. ئێمە ئیزن نادەین ئێران دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات.

ناوبراو وتوویەتی: کۆماری ئیسلامی بەباشی دەزانێ مەبەستی ئێمە چییە. ئەم هەوڵە نوێیەی تاران یەکێک لە گەمژانەترین هەوڵەکانی ئێرانە بۆ لەکیسدانی سەرچاوەکانی خۆی. بەردەوام بوونی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینەکان لە ئێران نابێ ببێتە هۆی سەرسووڕمانی هیچ کەسێک.

عەلی خامنەیی ڕۆژی ١٤ی جۆزەردان بڕیاری دا کە بەپەلە کارئاسانییەکان بۆ بردنەسەری ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم بەڕێژەی ١٩٠ هەزار سوو (SWU) جێبەجێ بکات.

قسەکانی خامنەیی لە ٢٩هەمین ساڵمەرگی خومەینیدا لەهەمبەر دەسپێکردنەوە بە پیتاندنی ئۆرانیۆم هەڵوێستی جیهانی لێکەوتەوە.

ئێوارەی ١٥ی جۆزەردان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە پڕێس‌کۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاند: ئێمە گوێمان لە قسەکانی خامنەیی گرت؛ دەبێ تاران بزانێت کە ئێمە ئامرازی گوشاری زۆرمان لەبەردەستدایە؛ ئێران دەبێ بزانێت کە نابێ بە ڕێگەیەکدا بڕوات کە ببێتە خاوەن چەکی ناوکی.

هەر هەمان ڕۆژ بێنیامین نێتانیاهوو ڕایگەیاند: پێم سەیر نەبوو کە گوێم لەم بڕیارەی خامنەیی بوو، کە مەبەستی ناوبراو ناخی کێشەخوڵقێنی ڕێژیمی تاران بوو، هەروەها لە پەیامێکی تویتێریدا ڕایگەیاند ئیسرائیل ئیزن بە کۆماری ئیسلامی نادات کە دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات.

چالاکانی سیاسی کوردستانیش پێیان وایە دوابڕیاری خامنەیی لەمەڕ پیتاندنی زیاتری ئۆرانیۆم و باس کردنی لە بەرنامە مووشەکییەکانی تاران لە ساڵمەرگی خومەینیدا نیشاندەریی ترسی لەڕادەبەدەری ئەوانە لە ڕووخان و زیاتر بوونی گوشارە نێوخۆیی و دەرەکییەکان.