کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ: گوشارەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دوو قات دەبێتەوە

11:53 - 19 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ئامریکا گوشارەکانی سەر ڕێژیمی ئێران دوو قات دەکەنەوە، چونکە ئەو ڕێژیمە و داعش وەکوو گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبینن.

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی سێشەممە ١٧ی بەفرانبار، لە پرێسکۆنفڕانسێکدا، لە پێتەختی وڵاتی ئوردۆن، باسی لەوە کردووە، ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە بە تێکڕا لەسەر ئەوە کۆکن، کە گەورەترین هەڕەشەکان بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست داعش و کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

ناوبراو، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەو هاوپەیمانیەتییە کە بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێک هاتووە، وەکوو پێشوو شوێندانەر و بەهێزە، کە هیوادارم هەروا بەردەوام بێت و تاکتیکێکی جیاواز لە ئارادا نییە، کە ناکۆکی لە نێوان ئێمە و هاوپەیمانەکانمان پێک بێنێت؛ ئەم ڕێککەوتنە هاوبەشە و هەموو لەسەر ئەوە کۆکین کە گەورەترین مەترسی بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، داعش و کۆماری ئیسلامیی و هەوڵە ئینقلابییەکان (تێکدەرانەکان) لە ناوچەکەیە.

پۆمپێئۆ، هەروەها ئاماژەی بەو ١٢ مەرجە کرد، کە وڵاتەکەی لە جۆزەردانی ئەمساڵدا و پێش لە هەر ڕێککەوتنێک ئاراستەی ڕێژیمیان کردبوو، کە ڕاگرتنی پشتیوانیی لە تێرۆریزم و خۆبواردن لە هەوڵە تێکدەرانەکان لە ناوچەکە وەکوو پشتیوانیی لە حیزبوڵڵای لوبنان و دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە، بەشێک لەم مەرجانە بوون.  

ئەگەرچی پاش هاتنە سەرکاری دانڵد ترامپ و تیمەکەی، گوشارە ئابورییەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران وەگەڕ خرایەوە و ئامانج لەم گوشارانە گۆڕینی سیاسەت و هەڵسوکەوتی ڕێژیم لە نێوخۆ  و وڵاتانی ناوچەکە بووە، بەڵام چییەتیی ڕێژیم واتە سەرکوت و زەبر و زەنگ لە نێوخۆ و دەستێوەردان لە وڵاتانی دەوروبەر، کە گۆڕینی ئەم سیاسەتە واتە نەمانی ئەو ڕێژیمە، بۆیە هەتا ئێستە هیچ ئالۆگۆڕێکی لە هەڵسوکەوت و سیاسەتی ڕێژیم بەدی ناکرێت.