کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیسیی ئاوی خواردنەوەی شاری سەقز، هەڕەشە لە تەندروستیی خەڵک دەکات

11:45 - 6 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: چارەسەرنەکردنی پیسیی ئاوی خواردنەوەی شاری سەقز لە لایەن بەرپرسانی گەندەڵی ئەو شارەوە، بووەتە هەڕەشەیەک لەسەر تەندروستیی خەڵک.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پیسیی ئاوی خواردنەوەی شاری سەقز لە ماوەی ڕابردوودا گەیشتووەتە دۆخێکی مەترسیدار و تەنانەت بەرپرسانی ڕێژیم لەم شارە، لەو ئاوە کەڵک وەرناگرن.

بەپێی دوایین زانیارییەکان، لەمبارەوە هەتا ئێستا ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی شاری سەقز هیچ پلانێکی کردەیی بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە گرینگەیان لەبەر دەستدا نییە .

ئیدارەی تەندروستیی شاری سەقزیش سەرەڕای بێدەنگبوونی بە نیسبەت ئەم بابەتەوە، هەتا ئێستا نەیتوانیوە زەخت بخاتە سەر ئیدارەی ئاو یان ئۆرگانە پەیوەندیدارەکان، تاکوو پیسیی ئاوی ئەم شارە چارەسەر بکەن.

هەروەها، خەڵکی گەڕەکەکانی: ''حاجی ئاوا، نەشمیلان، سیلۆ، حەماڵاوا و نێوشاری سەقز''، بەردەوام پەیوەندی بە ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆوە دەکەن و تەندروستیی گەڕەکەکان لەم دۆخە ئاگادار دەکەنەوە، بەڵام ئەو ئیدارانە جگە لە بەڵێنیی درۆ هەتا ئێستا هیچ کارێکیان بۆ خەڵک نەکردووە .

خەڵک لەڕووی ناچارییەوە بۆ ئاوی خواردنەوە پەنایان بردووەتە بەر ئاوی بیری ماڵان، یان ئاو دەکڕن. زۆربەی جاریش دەچن و لە کانییەکانی نێوشار وەک: ''کانی شاناز، کانی کەڵانتەر و کانی بەردینە''، ئاوی خواردنەوەی خۆیان دابین دەکەن .