کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیشەی شۆفێریی تاکسی، پیشەیەکی ناچاری بۆ دەرچووانی زانکۆ له سنەدا

12:15 - 2 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: زۆربەی دەرچووانی زانکۆکان لە شاری سنەدا، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان ناچارن ڕوو لە پیشەی شۆفێری بکەن.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان له هەواڵدەریی تەسنیم سەر بە ڕێژیم ئیسلامی، زۆربەی دەرچووانی زانکۆ لە شاری سنەدا، به ناچاری ڕوویان له پیشەی شۆفێری کردووه.

لە نێوان شۆفێرانی تاکسی لە شاری سنەدا نزیک به ١٢٠٠ کەس خاوەنی بڕوانامەی کارناسی و کارناسی باڵان، ١٠٠٠ کەس خاوەنی بڕوانامەی کارزانی و ١٠٠٠ کەسیش خاوەن بڕوانامەی دیپلۆمن.

لە لایەکی ترەوە، لە نێوان ٥٠٠٠ شۆفێر تاکسی لە سنە، تەنیا ١٢٠٠ کەس لە بیمەی تاکسیڕانی بەهرەمەندن و لەم نێوانەشدا بەپێی وتەی شایەتحاڵان ٢٠٠ ــ ٤٠٠ کەس لەوانەی کە لەم بیمەیە کەڵک وەردەگرن شۆفێری تاکسی نین و به شێوەیەک لە شێوەکان سەر بە ڕێژیمن.

شۆفێری تاکسییەکانی شاری سنه، له کەمداهاتترین چینی کۆمەڵگا به ئەژمار دێن. نەبوونی بیمە، نەبوونی خانوبەرە و خزمەتگوزاری خۆشبژێوی، لەو کێشانەن کە ئەم چینە لە کۆمەڵگا لەگەڵی بەرەوڕوون.

شۆفێر تاکسییەکان ناچارن بۆ نوێکردنەوەی بیمە و کڕینی تایەی ئۆتۆمبێلەکانیان، کارتی پێناسە، کارتی ئۆتۆمبێل و کارتی تاکسیڕانی خۆیان وەکوو گرێو له لای نوێنەرانی بیمە و تایەفرۆشەکان دانێن.