کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیلانی نوێی ڕێژیم بۆ سیخوڕیکردن لە کوردستان

11:51 - 26 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی بنکە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بۆ سیخوڕیکردن لە کوردستان، کەڵک لە گیرۆدەبووانی ماددە سڕکەرەکان وەردەگرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە پیلانێکی نوێی بەرپرسانی نیزامیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بۆ سیخوڕیی لە کوردستان، هێزەی سەرکوتکەری ئینتزامیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە کەسانی گیرۆدەبوو بە ماددەسڕکەرەکان کەڵک وەردەگرێت.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەوە باسی لەوە کرد، ماوەیەکە لە شاری ورمێ هێزی سەرکوتکەری ئینتزامیی ڕێژیمی ئێران، گەڵاڵەیەکی بۆ کۆکردنەوەی گیرۆدەبووانی ماددە سڕکەرەکان داڕشتووە و بەڕێوەی دەبات.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو ڕاپۆرتەدا باسی لەوە کردووە، ئەو هێزانەی ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی چڕ، لە گەڕەکەکانی شاری ورمێدا دەسووڕێنەوە و کەسانی گیرۆدەبوو بە ماددە سڕکەرەکان کۆ دەکاتەوە و بە بیانووی ڕزگاربوونیان لە دەستی ماددە سڕکەرەکان، ڕەوانەی بەناو کەمپەکانی تەرکی ئیعتیادیان دەکات.

ئەو هەواڵنێرەی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، گەشتەکانی هێزی ئینتزامیی ڕێژیم لە سەرتاسەری شاری ورمێدا بڵاو بوونەتەوە و بەبێ ئەوەی کە ماددەی سڕکەر لە دەست کەسانی گیرۆدەبوو بگرێت، دەسبەسەریان دەکات و بۆ ماوەی دوو مانگ بە مەبەستی تەرک، ڕەوانەی بەناو کەمپەکانی تەرکی ئیعتیادیان دەکات.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا جەختی کردەوە، بە هۆی ئەوەی کە دۆخی بەناو کەمپەکانی تەرکی ئیعتیاد زۆر سەخت و دژوارە، گیرۆدەبووان بە ماددە سڕکەرەکان ناچار دەکەن، هەتا سیخوڕی بۆ هێزی سەرکوتکەری ئینتزامی بکەن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە کۆتاییی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، ئێستا لە گەڕەکە خوارووەکانی شاری ورمێ وەک "دزەی سیاوەش، تەرزیلوو، ئیسلام ئاباد، ئەلواج و وەلندە" هێزی سەرکوتکەری ئینتزامی گەشت لێ دەدات و پێشنیار بە گیرۆدەبووانی ماددەسڕکەرەکان دەدات، کە ئەگەر ڕاپۆرت لە خەڵک بدەن، بڕی ٣٠ هەزار تمەن پارەیان پێ دەدرێت.