کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیلانێکی نوێی ڕێژیم ئاشکرا بوو

17:02 - 28 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: سەرچاوەکانی زانیاریی ئامریکا پەردەیان لەسەر پیلانێکی نوێی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا لادا.

فاکس‌نیوز بە پشتبەستن بە هەندێک سەرچاوەی هەواڵی ئامریکایی ئاشکرای کردووە کە کۆماری ئیسلامی سەرقاڵی بەڕێوەبردنی پیلانگێڕییەکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناڤینە.

بەپێی ئەم هەواڵە کۆماری ئیسلامی لە یەک حەوتووی ڕابردوودا کۆمەڵێکی بەرچاو لە چەکوچۆڵی سەربازی پێشکەوتوو و مووشەکی زیرەکی تەیار بە سیستمی ماهوارەیی لە خاکی سووریەوە ڕەوانەی لای حیزبوڵای لوبنان کردووە.

بەپێی ئەم زانیارییانە کۆماری ئیسلامی سیستمی پێشکەوتووی GPSی ڕەوانەی خاکی لوبنان کردووە تاکوو میلیشیاکانی حیزبوڵا بتوانن بۆ هاویشتنی ڕاکێتەکانیان کەڵکی لێوەر بگرن.
لەم هەواڵەدا هاتووە ڕێژیمی تاران سەرقاڵی ڕاگواستنی پێگە سەربازییەکانی خۆی لە سووریەوە بۆ خاکی لوبنانە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بەردەوام دەوڵەتی ئیسرائیل هۆشداری داوە کە کۆماری ئیسلامی بۆ شێواندنی دۆخی ناوچە و بەمەبەستی لێدانی ئەم وڵاتە چەکوچۆڵی پێشکەوتووی ڕەوانەی خاکی لوبنان کردووە.

لە دواهەڵوێستی لەم چەشنەش "یارون شنایدێر" شڕۆڤەکاری سەربازی لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵ ٢ی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە حیزبوڵاییەکان بە یارمەتی تاران توانیویانە دەستیان بە چەکوچۆڵی پێشکەوتووی وەک مووشەکی SA-7 و SA-14ی ڕووسی ڕابگات.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە کۆماری ئیسلامی ڕەدی دەکاتەوە کاری لەم چەشنەی کردبێت و دەڵێ ئەوە هەوڵێکی ڕۆژئاوایە بۆ هەستیارکردنی زیاتری دۆخی ئێران و زیادکردنی گوشارە نێونەتەوەییەکان.