کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیلانەکانی ڕێژیمی ئێران دژی خەڵکی کوردستان درێژەی هەیە

13:27 - 30 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ میلیتاریزەکردن و سیخوڕی بەسەر خەڵکی کوردستاندا، لە هەموو پیلانێک کەڵک وەردەگرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانان، لە گوندی "تەنگیسەر"ی سەر بە شاری سنه، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕۆیشتوونەتە ئەو گوندە و خەریکی پیلانێکی سیخوڕین.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران به خەڵکی ئەو گوندەیان ڕاگەیاندووە کە هەر کەس بە "کارتی میللیـ"ـی خۆی دەتوانێت چەند سیمکارتی "ئیرانسێل" وەربگرێت.

دانیشتووانی ئەو گوندە لەو باوەڕەدان کە ئەو داواکارییەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران بۆ سیخوڕییە بە سەر خەڵکی ئەو گوندەدا.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای جۆراجۆرەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی خەڵكی کوردستان دەدات.

لە ماوەی ڕابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەندین هەواڵ بڵاو کرایەوە کە ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران بە ئێکانتی چالاکانی سیاسی و ئەو کەسانەی دژبەری ڕێژیمن، چالاکی دەکات.

بنکە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەرکوت و کۆنترۆڵی خەڵکی کوردستان، لە هەموو شێوازێک کەڵک وەردەگرن.