کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێداویستی پزیشکییەکان لە نەخۆشخانەی شاری بۆکان دەس ناکەوێت

11:00 - 29 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: بەشێکی بەرچاو لە پێداویستییە پزیشکییەکان لە نەخۆشخانەی شاری بۆکان یان نەماون یان زۆر بە کەمی دەس دەکەون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەشێکی بەرچاو لە پێداویستییە پزیشکییەکانی نەخۆشخانەی شاری بۆکان یان کۆتاییان پێهاتووە یان زۆر بە کەمی دەس دەکەون بە چەشنێک کە دۆخی ئەم نەخۆشخانەیان تەواو شپرز کردووە و خەڵک لەگەڵ گرفتی جیددی بەرەوڕوو بوونەتەوە.

بەپێی ئەم هەواڵە لە دەرمانخانەی نەخۆشخانەکەدا بەشێکی بەرچاو لە دەرمان و چارەسەرییەکان کەمیان کردووە و بەشێکیان کە ڕۆژانە خەڵک پێویستی پێیەتی وەدەس ناکەون.
یەکێک لە هاووڵاتییانی شاری بۆکان پاش سەردان کردنی ئەم ناوەندە دەرمانییە و لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە "کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاند: فیلتێرێکی تایبەت هەیە کە بۆ دیالیز کەڵکی لێوەردەگیرێ کە لە ئێستادا نییانە و بەپێچەوانەی پێشووتر کە لە حەوتوودا دوو جار دیالیز دەکرا ئێستە تەنیا یەک جار لە حەوتوودا دیالیز بۆ نەخۆشەکان دەکەن.

هەروەها بەپێی دوایین زانیارییەکان دەرمانی بێهۆشی بۆ ئەنجامدانی عەمەلی تایبەت لە نەخۆشخانەدا دەس ناکەوێت و ئەو دەرمانەش کە پاش عەمەل بۆ پێشگیری لە "ئاوەدز"بوون کەڵکی لێوەردەگیرێ بوونی نەماوە.

دوایین زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ماوەی ٦ مانگە کارمەند و پەرەستارەکانی ئەم نەخۆشخانە مووچەی مانگانەی خۆیان وەرنەگرتووە و تەنانەت هەندێک لە پەرەستارەکانیشیان ناردووەتەوە بۆ ماڵەوە.