کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگە بە مەرج بۆ کەرکووک دەگەڕێتەوە

19:30 - 14 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: جێگری ژێنراڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕایگەیاند، ئەگەر ژووری ئۆپراسیۆن به‌ به‌شداریی هێزى پێشمه‌رگه‌ دروست بكرێت، هێزی پێشمەرگە دەگڕێتەوە بۆ کەرکووک.

هەواڵدەرییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە زاری لیوا "قارەمان شێخ کەماڵ"، جێگری ژێنراڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بڵاویان کردەوە: "وەزارەتی پێشمەرگە، لاڕێی نییه‌ لە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، بەڵام بە مەرجێک کە ژووری ئۆپراسیۆن به‌ به‌شداریی هێزى پێشمه‌رگه‌ دروست بكرێت، بۆ ئەمەش پێویستە عێراق بە فەرمی داوا لە وەزارەتی پێشمەرگە بکات".

ناوبراو باسی لەوەش کردووە: "بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە، هەتا ئێستا بە فەرمی وەزارەتی پێشمەرگەی ئاگادار نەکراوەتەوە، بەڵام ئێمە ئەو هەوڵەی هاوپەیمانان بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە بەرز دەنرخێنین".

هاوکات ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "هەرچەندە پێمان باش بوو بۆ پاراستنى ئه‌منییه‌تى ناوچه‌كان، هێزی پێشمەرگە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان بگەڕێتەوە ناوچه‌ كوردستانییه‌كان، بەڵام پێناچێت هیچ داواکارییەک بە فەرمی بگاتە هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە، ئومید دەکەین دوای هەڵبژاردن ئەو داواکارییەمان بە دەست بگات".

ڕۆژی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر، كه‌ركووک كه‌وته‌ ژێر ده‌ستی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق و هەتا ئێستە دۆخی کەرکووک ئاڵۆزه و ناسەقامگیرە.