کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات پیشانگایەکی وێنەی کردەوە

20:21 - 9 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: کیوان فاتێحی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پیشانگایەکی وێنەی لە مێتۆدی پۆرترە (Portrait) لە شاری کۆیە بەڕێوەبرد.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٩ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، کەیوان فاتێحی، پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پیشانگایەکی وێنەی بە مێتۆدی پۆرترە لە شاری کۆیە بەڕێوەبرد.

ئەو پیشانگایە لە دوو نۆبەتی بەیانی و ئێوارە بەڕووی بەشداربوان‌دا کراوەبوو و تێیایدا ٢٠ وێنەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بە شێوەی پۆرترە و رەش و سپی دانرابوو.

11033.jpg
کەیوان فاتێحی


کەیوان فاتێحی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری کوردستان میدیا، مەبەست لە بەڕێوەبردنی ئەو پیشانگایەی بەم شێوەیە راگەیاند: لە هەر شوێنێک زوڵم و زۆرداری هەبێت، بەرەنگاری و خۆڕاگریش هەیە، جەوهەری بەرەنگاری و خۆڕاگریش بیروباوەر و ئیمان بەو رێگا و رێبازە. یەکێک لە خسڵەتە سەرەکییەکانی نەتەوەی کورد لە ناو مێژوودا و هەتا ئەمڕۆکەش ئەوەیە کە هیچ کات زۆڵمی قەبووڵ نەکردووە و هەمیشە دژی ستەم و چەوساندنەوە بووە.

فاتێحی هەروەها لە درێژەدا وتی: هەمیشە کۆمەڵێک بەوپەڕی سادەیی و خاکەڕاییەوە ژیان و تەمەنی خۆیان تەرخان کردووە بۆ خەبات لە پێناو بەدەستهێنانی ئازادی و مافی نەتەوەی کورددا، ئەم خەڵکانە لە تەمەنی خۆیان دەگوزەرێن هەتا نەتەوەکەیان بە ئاوات و ئارەزووەکانیان بگەن.

ئەم پێشمەرگەیەی حیزبی دێموکرات درێژەی دا: لە پیشانگای من و ئاوێنەـدا، ژمارەیک لەو کەسانە پیشان دراون کە تەمەنی خۆیان بۆ پێشمەرگایەتی تەرخان کردووە، حەق وایە و ئەرکی نەوەی دوای ئەوانە کە درێژەدەری ئەو رێگا و رێبازە بن کە کەسانێکی زۆر لەو رێگایەدا شەهید کراون و خەڵکانێکیش سوێندیان خواردووە هەتا سەر درێژەدەری رێگا و رێبازەکەیان بن.

کەیوان فاتێحی ماوەی شەش ساڵە کە سەرقاڵی فیلمبەرداری و وێنەگرییە و ئەمەش یەکەم پڕۆژەی فۆتۆگرافیی تاکەکەسیی ناوبراوە.

میتۆدی کاری ئەم هونەرمەندە لە فتۆگرافی‌دا، پۆرترەیە کەلەم مێتۆدەدا سیما و چیرۆکی ژیانی مرۆڤ نیشان دەدرێت.