کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشنوێژی هەینیی پاوه هێرشی کردە سەر حیزبە کوردییەکان

11:12 - 27 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: پێشنوێژی هەینیی شاری پاوە و نوێنەری ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو شارە، هێرشی کردە سەر حیزبە کوردییەکان و بە هۆکاری ناسەقامگیریی ناوچەکە لە قەڵەمیانی دا.

مەلا "قادر قادری"، ڕۆژی هەینی، لە خوتبەکانیدا باسی لە هێرشەکانی تورکیه بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا کردووە.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران لە قسەکانیدا دیسانەوە هێرشی کردووەتەوە سەر حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم و تۆمەتی وەپاڵ داون.

ئەو نوێنەرەی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان لە قسەکانیدا وتوویەتی: "تورکیە مافی خۆیەتی ئەمنییەت و سەربەخۆیی خۆی هەبێت. هەر کەس دژی سەربەخۆیی وڵاتێکە دەبێ بسڕدرێتەوە".

"قادری"، نوێنەری خامنەیی، لە بەشێکی خوتبەکانیدا هێرشی کردووەتەوە سەر حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران و بەوەی تاوانبار کردوون کە حیزبە چەکدارەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا جیا لە نەهامەتی، هیچ سوودێکیان نەبووە.

یەکەم جار نییە کە مەلا "قادر قادری" دژی حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران هەڵوێست دەگرێت. ناوبراو بە ڕاشکاوانە باس لە شەڕ دژی حیزبە کوردییەکان دەکات.