کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشنوێژی ئیسفەهان: لە ئێراندا کار هەیە، خەڵک خۆیان بە دوایدا ناچن!

11:05 - 27 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: پێشنوێژی شاری ئیسفەهان، سەبارەت به قەیرانی بێکاری لە ئێراندا ڕایگەیاندووە: که لە "ئێراندا کار هەیە، خەڵک خۆیان بە دوایدا ناچن".

یووسف تەباتەبایی‌نژاد، نوێنەری وەلی فەقیهـ و پێشنوێژی هەینیی شاری ئیسفەهان، سەبارەت به قەیرانی بێکاری لە ئێراندا وتوویەتی: "ئەوەی بزانن که لە ئێراندا ڕێژەی کار زۆرتر لە ڕێژەی بێکارەکانە، بەڵام هەندێ کەس بە دوای کاردا ناچن و دەیانەوێت به ئاسانی پارە کۆ بکەنەوە".

قسەکانی ئەم ئاخوندەی سەر بە ڕێژیمی ئێران، لە حاڵێکدایە که به وتەی موحسێن نیروومەند، بەرپرسی تەعاون، کار و خۆشبژێوی کۆمەڵایەتی پارێزگای ئیسفەهان، لەم پارێزگایەدا ڕێژەی بێکاری لە نێوان ١٤ تا ١٧ لەسەدە و ئەم ئامارە زیاتر لە ڕێژەی نێونجیی بێکاریی لە ئێرانە.

بێکاری یەکێک لە گەورەترین کێشەکان لە کۆمەڵگای ئێران و بەتایبەت لە کوردستانە و ئەم کێشەیە وەکوو سەرچاوەی زۆربەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان بە ئەژمار دێت، کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەریکە پەرە دەستێنێت؛ بەرپرسانی رێژیمی ئێران لە جیاتی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکان، به وتەگەلێکی دانسقە و بەدوور لە ڕاستی هەوڵی چەواشەکاریی ڕاستییەکان دەدەن و کێشەکە لە خۆیان دوور دەخەنەوە.