کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشێلکارێکی تەحریمەکانی ئێران دەسبەسەر کرا

11:17 - 15 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: دەوڵەتی کانادا لەسەر داوای ئامریکا، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای "هواوی" بەهۆی پێشێلکردنی تەحریمەکانی سەر کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کرد.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز بڵاوی کردۆتەوە: "وانژ مێنگ" کچی دامەزرێنەری کۆمپانیای هواوی کە یەکێکە لە ئەندامانی لێژنەی بەڕێوەبەریی ئەم کۆمپانیایەش، لەلایەن پۆلیسی کاناداوە دەسبەسەر کراوە کە دەوترێ تۆمەتبارە بە دەورلێدانەوەی تەحریمەکانی ئامریکا بۆسەر تاران.

لە جۆزەردانی ساڵی ٩٥دا لێپرسراوانی قەزایی ئامریکا کۆمپانیای هواوییان تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنی تەحریمەکانی ئامریکا و ڕایانگەیاند کە ئەم کۆمپانیا بەرهەمە ئامریکاییەکان ڕادەستی ئێران دەکات و یارمەتییان دەدات بۆ دەوردانەوەی تەحریمەکان.

لە بەهاری ئەمساڵیشدا بڵاڤۆکی "فۆربێس" لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو کە کۆمپانیای چینیی هواوی تەحریمەکانی ئامریکا پێشێل دەکات و بەبەردەوامی تێکنۆلۆژی و کەرەستەی سەنعەتی درووستکراوی دەستی ئامریکا بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ڕادەستی وڵاتانێکی وەک سوودان، سووریە، کۆرەی باکوور، کووبا و ئێران دەکات.