کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێنج جۆری دیکەی ماشین بەرهەمهێنانیان بە سفر گەیشتووە

11:33 - 17 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بەهۆی قەیرانە ئابوورییەکان لە ئێراندا، دابەزینی توانای کڕینی خەڵک و گرانبوونی کەرەستەکانی بەرهەمهێنان پێنج جۆری ماشین بەرهەمهێنانیان ڕاوەستاوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵەوە هەتاکوو ئێستا ماشینەکانی جۆری: هیۆندا ٢٠i، لیفان ٨٢٠، لیفان ٦٠x، لیفان ٥٠ x، ٣٦٠MG بەرهەمهێنانیان بە سفر گەیشتووە و بەرپرسانی شیرکەتە بەرهەمهێنەرەکانی ئەم جۆرە ماشینانە هەتا ئێستا، لە بارەی وەستاندنی بەرهەمهێنانی ئەم ماشینانە هیچ لێدوانێکیان نەداوە.

ئەمە یەکەمجار نییە، لە ئەمساڵدا هەواڵی وەستانی بەرهەمهێنانی جۆرە جیاوازەکانی ئۆتۆمبێل لە ئێراندا بڵاو دەبێتەوە، پێشتر لە مانگی پووشپەڕدا هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیسنا، هەواڵی بە سفر گەیشتنی ئەم جۆرە ماشینانەی بڵاو کردەوە: لیفان ئێکس ٦٠، هیۆندا ئای ١٠، جەک جی ٥ و ئم.ڤی.ئمی ٥٥٠ .

لە دوای هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام و دەستپێکردنەوەی گەمارۆوە ئابوورییەکانی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، قەیرانە ئابوورییەکان لە ئێراندا، بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە. بە شێوەیەک کە بووە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ماشین بە ڕێژەی ٨٠ لەسەد.

هەروەها وەستانی بەرهەمهێنانی جۆرەکانی ماشین و کەمکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانیان کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاری هەیە، مازیار بەیگلوو ڕێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژ لە پرێسکۆنفڕانسێکدا باسی لەوە کردبوو، کە سازێنەری پارچەکانی ماشین، بە هۆی کەمبوونەوەی کارەکانیان ١٤ هەزار کەس بێکار بوون و لە داهاتوودا ئەگەری بێکاربوونی ٤٥٠ هەزار کەسی دیکەش هەیە.

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ئەم پیشەیە دەگەڕێتەوە بۆ دیاریکردنی نرخی  یاساییی ماشینەکان لە لایەن دەوڵەتەوە، کە بووەتە هۆی ئەوەی کە نرخی پێداویستییە سەرەتایییەکان دوو قات و نیو بەرز ببێتەوە.

لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا سەرۆکی ئەنجومەنی سازێنەرانی پارچەی ماشینەکان، لە دووتوێی نامەیەکدا هۆشداریان بە بەرپرسانی ڕێژیم دابوو، کە ئەگەر کێشەکانی ئەم پیشەیە چارەسەر نەکرێت، زۆربەی یەکەکان دادەخرێت و بەرهەمهێنانی ماشین ٨٠ لەسەد دادەبەزێت.