کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێوەندیی لەگەڵ سووریە ڕێگەی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران ئاڵۆز دەکات

11:44 - 8 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بۆ ئەوەی ڕێگە بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران بگیردرێت، دەبێت سووریە بۆ نێو بازنەی یەکیەتیی وڵاتانی عەرەبی بگەڕێتەوە.

ئەنوەر قەرقاش، وەزیری ڕاوێژکاریی لە کاروباری دەرەوەی دەوڵەتی ئەمارات، ڕۆژی پێنجشەممە، ٦ی بەفرانبار، ڕایگەیاندووە: بۆ گەڕاندنەوەی سووریە بۆ نێو بازنەی یەکیەتیی عەرەبی، دەبێت وڵاتە عەرەبییەکان بە تێکڕا بڕیار بدەن.

ناوبراو لە لێدوانێکی تایبەتدا لەگەڵ ئەلعەرەبییە باسی لەوە کردووە: کە هەموو وڵاتانی عەرەبی لەسەر ئەو باوەڕن، کە ناچارن ڕەوتێکی سیاسیی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکانی سووریە پێک بێت.

قەرقاش لەسەر چارەسەریی قەیرانی سووریە، باسی لەوە کردووە، کە بە پێکهێنانی پێوەندی لەگەڵ سووریەدا، ڕێگای دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران دەگیرێت.

وەزیری ڕاوێژکاریی کاروباری دەرەوەی ئەمارات لە درێژەدا باسی لەوە کردووە: بە مەبەستی پێشگرتن لە دەستێوەردان و پەرەسەندنی دەسەڵاتی ئێران و تورکیە، پاش خوێندنەوەیەکی وردی گۆڕانکارییەکان و بە باوەڕ بە پارێزگاری لە سووریە، خەڵک و یەکپارچەیی خاکی سووریە، دەوڵەتی ئەمارات چالاکییە سیاسی و دیپلۆماتییەکەکانی خۆی لە سووریە دەست پێ دەکات.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتخانەی کاروباری دەرەوەی ئەمارات، لە ڕۆژی پێنجشەممە، ٦ی بەفرانبارەوە، کارداری کاتیی ئەم وڵاتە، چالاکییەکانی خۆی لە بنکەی باڵوێزخانەی ئەم وڵاتە لە دمشق، دەست پێ کردووە.

لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "وڵاتی ئەماراتی یەکیەتیی عەرەبی، هەوڵی ئەوەیە هەتا ئاشتی، ئەمنییەت و سەقامگیریی لە وڵاتی سووریە جێگیر بکات".

شەڕی نێوخۆیی لە وڵاتی سووریە کە لە کۆتایییەکانی ٢٠١١ی زایینیەوە دەستی پێ کردووە، بیانووی بە دەست ڕێژیمی ئێران، تورکیە و ڕووسیە داوە، هەتا بە ناوی یارمەتیدانی دەوڵەتی بەشار ئەسەد و گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ ئەو وڵاتە، هێز و دەسەڵاتی خۆیان لەو وڵاتە پەرە پێ بدەن، بەڵام ئەم دەستێوەردانە نەک تەنیا هیچ یارمەتییەکی دەوڵەت و خەڵکی سووریە نەداوە، بەڵکوو دۆخەکەی چەند قات ئاڵۆزتر کردووە.