کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێکهاتە نوێیەکە، دەرفەت و کۆسپەکان

00:36 - 15 بەفرانبار 2717

ئاگری ئیسماعیل‌نژاد

بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکێ لە بەتەمەنترین بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی جیهانە، دەکرێت لە مێژووی ئەو جووڵانەوە دوورودرێژ و پڕ تێچووەدا دەیان ڕووداوی جۆراوجۆر بدۆزرێتەوە، بەڵام هیچ کام لە ڕووداوەکان بە تەنیا ڕەوایی و قەیرانی نێو جووڵانەوەکە دەرناخەن؛ بەڵكوو کۆی ئەوانە دەتوانێت بەشێک لە ڕاستییەکانی بزووتنەوەمان بۆ دەربخات و قەیرانەکانمان بۆ دەستنیشان بكات.

لێرەدا باسێک کە دەبێت بکرێت، ئەوەیە کە ئێستا کە ٧٣ ساڵ بەسەر دامەزرانی حیزبی دێموکراتی كوردستانی ئێراندا تێدەپەرێت، هەرچەندە بەر لە دامەزرانی ئەو حیزبەش لە چوارچێوەی رێکخراوگەلی دیكەش بۆ نموونە ژ_ک، هەڵسووڕان و چالاكی هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی ئازادی هەبووە، پێش ئەوانیش نەك لە چوارچێوەی حیزب و ڕێكخراودا بەڵكوو لە چوارچێوەی قەوارە پێشمودێڕنەکان لە پێناو دەسەڵاتی سیاسیدا هەوڵ دراوە. 

پرسیارێك لێرەدا دێتە گۆڕێ، بۆچی پاش ئەو هەمووە خەبات و بەرخۆدانە نەگەیشتوونە ئەو ئامانجەی كە ئەو هەموو قوربانییەی لە پێناودا دراوە؟
بۆ وەڵامی پرسیارەكە دەکرێت کۆی باسەکەمان بەسەر دوو ژێرتەوەردا دابەش بکەین:

یەکەم: بەربەستە دەرەکییەکان

دووهەم: بەربەستە نێوخۆیییەکان

لەو بابەتەدا تەنیا ئاماژە بە بەربەستە نێوخۆییەکانی جووڵانەوە لە ڕوانگەی سیستم و فەرهەنگی سیاسییەوە دەکەین.

مێژووی شۆڕشەكە لەگەڵ ئەوەیدا مێژوویەكی كەمیش نییە، بەڵام کەمتر بە شێوەی توێکاری و شیكاری نووسراوە و ئەگەریش باس و خواسێک لەسەر مێژووی جووڵانەوەی ڕۆژهەڵات کرابێت پتر مێژوویەکی تاکتەوەرانە نووسراوە و وەک خۆم هەتا ئێستا نەمدیوە کە مێژووییەکی شیکاری سیستم‌تەوەر نووسرابێت.

شۆڕش چ لەسەر بناغەی سیستمی پێش مودێڕن و چ لەسەر بناغەی سیستم‌ مودێڕنمان مەبەست بێت، لە هەر دوو قۆناغدا پێویستە لە تاوتوێ کردنی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سیستم و فەرهەنگی سیاسی لە بەرچاو بگرین.

لێرەدا دەمەوێت کورتەیەک لەسەر فەرهەنگی سیاسیی ڕۆژهەڵات، وەک کۆمەڵگایەکی مرۆڤی لە قەوارەی سیستم سەنتراڵیزمی دێموکراتیکدا بێنمە بەر باس.

سەنتراڵیزمی دێموکراتیک و چەند تێبینییەک

ڕواڵەتی سیستمی سەنتراڵیزمی دێموکراتیک ئەوەیە، کە ئەندامانی ڕێکخراوەیەک بۆ بەرێوەبردنی دەسەڵات لە ڕێکخراوەکەیان گرووپێک هەڵدەبژێرن، ئەو گرووپە کە دەسەڵاتی گشتیی ڕێکخراوەکەی لە بەردەست دەبێت، وەک بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکەش دەناسرێت، لە قۆناغی دوایی هەڵبژاردندا باسێک دێتە گۆڕێ، ئەوەیش ئەوەیە کە گرووپی هەڵبژێردراو لە کۆنگرەی "A" هەتا کۆنگرەی "B" چۆن ڕێکخراوەکە بەڕێوە دەبات و ڕۆڵی گرووپی "A" لەسەر کۆنگرەی "B" چۆن دەبێت؟!
پێش ئەوەی ئەو پرسیارە وڵام بدرێتەوە دۆخی بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا سەیر دەکەین.

سیستم بە تەنیا ناتوانێ ناکارامە بێت، بەڵکوو جگە لە سیستم دوو سەرباسیتر گرینگیان هەیە، بۆ ئەوەی ئاراستەی سیستم بەرەو ناکارامەیی و تەنانەت گەندەڵی بەرن!

یەکەم: ئەندامانی سیستم وەک کۆمەڵگایەکی مرۆڤی بە هەموو فەرهەنگ، ڕوانگە و تێگەیشتوویییان لەسەر شۆڕش.

دووهەم: بەستێنی کات وەک هۆکارێکی زەختهێنەر، دەتوانێ سیستمێک لە بەستێکی کاتدا ناکارامە یان کارامە بکات.

تاکی کورد و فەرهەنگی شۆڕشگێڕی لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات

لەگەڵ ئەوەی تەمەنی شۆڕش لە ڕۆژهەڵات نزیک بە ١٣٠ ساڵە، بەڵام ڕوانگەی باوی نێو کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات لەسەر شۆڕش ئەوەیە، کە شۆڕش زیاتر وەک پرۆژە سەیری دەکرێت، نەک وەک پرۆسە، جیاوازیی شۆڕشی پرۆسەتەوەر، لەگەڵ شۆڕشی پرۆژەتەوەر لەوەدایە، کە لە شۆڕشی پرۆژەتەوەردا بناغەی شۆڕش لەسەر هەڵچوون، تووڕەی و ڕوخێنەری دادەمەزرێت، بۆیەش کاتێک باسی بەشداری کۆمەڵگا لە شۆڕش دێتە گۆڕێ، کە بۆشایی دەسەڵات بە هەر هۆکارێک ساز بووبێت!

باشترین وێنە لێرەدا، ڕاپەڕینی ساڵەكانی ٤٣ هەتا ٤٧ی هەتاوییە (٦٤ هەتا ٦٨ی زایینی)، کە پاش شەهید بوونی کاک سولیمان مووعینی و کاک سمایل شەریفزادە، کۆمەڵگا لەگەڵ ئەوەی لە ئاستێکی بەرفرواندا ناڕازی بوو، گەرچی بە ئەرکی خۆی دەزانێ یارمەتی شۆڕشی ئەیلوول لە باشووریش بدات، بە دەنگ ئەوانەوە نەهات و هاوڕێیانیشیان دوای ئەوان بە کردەوە "دەست بەردەدنەوە" و سیاسەتی چاوەڕوانی دەگرنە بەر، بەڵام لە ١٣٥٧ چون بۆشایی دەسەڵات سازبوو، ڕێژەیەکی بەرچاو لە کۆمەڵگا بەشدارییان لە شۆڕشدا کرد.

ئەوەی لە فەرهەنگی سیاسیی ڕۆژهەڵاتدا شۆڕش وەک پرۆژە سەیری دەکرێت، لە ڕاستییدا دیارەدەیەکە کە لە ژینگەی ڕۆژهەڵاتی‌ نێوەڕاستەوە هاتۆتە نێو چوارچێوەی بیركردنەوەی گشتیی کۆمەڵگایی کوردستانەوە؛ لەوە زیاتر ناچمە نێو ئەو باسەوە، بەڵام شۆڕشی پرۆژەتەوەر یەکێ لە تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە! و فەرهەنگێکی سیاسییە کە کارتێکەری لەسەر هەموو ڕەهەندەکانی شۆڕشی ڕۆژهەڵات هەبووە.

سەرەڕای ئەو باسە سێ بابەتی‌ تر کە دەکرێت، وەک تایبەتمەندی فەرهەنگی کۆمەڵگای سیاسیی ڕۆژهەڵات سەیری بکەین، کە کارتێکەریان لەسەر بەڕێوەبردنی سیستم هەیە:

یەکەم: تێگەیشتوویی و ڕوانگەی کۆمەڵگای سیاسیی ڕۆژهەڵات لەسەر دێموکراسی، هەڵبەت لێرە باس لە دێموکراسی وەک کردەوە دەکرێت، نەک دێموکراسی وەک چەمک!

لە دێموکراسی رۆژئاواییدا، ئەوەی کە بە کردەوە دەیبینی ململانێیەکی پێکهاتەمەندی نێوان ڕێکخراوەکانە، واتە ئەوەی وەک ئەزموونی دێموکراسی لە ڕۆژئاوا هەیە، یەکەکەی مرۆڤ وەک تاکێک نییە، بەڵکوو مرۆڤ وەک ئەندامێکی ڕێکخراوە یان سەندیکا یان حیزب و پێکهاتەیە، ئەرکی سەرەکی ئەو چوارچێوەی کە لە ڕۆژئاوا، مرۆڤی تێدا بەشدارە، ئەوەیە کە لە ڕێگای ئەوەوە هەڵسووکەوتی تاکەکان ئاراستە بکات و پاشانیش هێزی تاک لە پێناو بەرژەوەندیی ڕێکخراوەکە یان لە پێناو "گشتـ"ـدا ڕێک بخات؛ بەو تێبینییەوە کە "گشت" وەک خۆی لە پێناوی تاکەکانە، نەک لە پێناوی بابەتێک کە لە دەرەوەی تاکەکانی پێک هاتبێ؛ بە کورتی ڕۆڵگێڕی دێموکراسی ڕۆژئاوایی ڕێکخراوەکانن، نەک تاکەکان و ڕێکخراوەکانیش لە پێناو بەرژەوەندیی سەرزەویی مرۆڤەکان چالاکی دەکەن. مەبەست لە بەرژەوەندیی سەرزەوی لێرە ئەوەیە، کە مرۆڤ و لە دەرەوەی ئیرادەی هێزێکی سەروی سروشت بڕیار لەسەر بەرژەوەندییەکانی دەدات. 

لە ئاستێکی تردا کۆی ئەو ڕێکخراوانە گشتییەکی گەورەتر پێک دێنن، واتە کۆی ڕێکخراوەکان وەک یەکەیەک خۆیان لە چوارچێوەی گشتییەکی گەورە کە بەرژەوەندیی هەموویان لە خۆ دەگرێت، دەبینەوە. بازنەی گشتی یەکەم خۆ لە بازنەی گشتی دووهەم دەبێنێتەوە و بناغەی دەستنیشانکردنی هەردوو بەرژەوەندیش، بەرژەوەندیی مرۆڤ لەسەر زەوییە، هەر بەو پێیەش، لە ئاستی ڕێکخراوەکانیشدا سێ باسی گرینگ هەیە:
یەکەم: کۆک بوونێک بۆ پاراستنی "گشتە مەزنەکە" کە ئەو کۆکبوونە ناوی دەنێن بەرژەوەندیی باڵا کە بەرژەوەندیی باڵاش خۆی لە پێناو کۆی ڕێکخراوەکاندایە، نەک لە پێناو بەشێک لە ڕێکخراوەکان، ئەو پۆلێنبەندییە و پاراستنی بەرژەوەندییەکان لە ڕێگای یاساوە دێنە دی. پێوەریشیان خێری گشتییە و مەبەست لە خێری گشتی، ئەوەیە کە لانیکەمی دەرفەت، ئەرک و داخوازی هەموو لایەنێک لە بەرچاو بگیرێت.

دووهەم: سەلماندنی ئاکامی ململانێیەک کە ناوی "دێموکراسیـ"ـیە، ڕێکخراوەکان دەچنە نێو چوارچێوەی یاری دێموکراسییەوە و لەوەش گرنیگتر ئەوەیە ئاکامەکەی قەبووڵ دەکەن.

سێهەم: دێموکراسی وەک شەڕێکی پێویست، سەلمێندراوە، بەو مانایی کە هەموو هێزەکانی کۆمەڵگا دێموکراسییان وەک پێویستییەک بۆ پاراستنی کۆمەڵگا لە قەیرانی گەورەتر قەبووڵ کردووە.

بەڵام دێموکراسی لە کۆمەڵگای کوردستاندا لەسەر ئاستی تاکەکان دامەزراوە، نەک ڕێکخراوە و ئەوەش وای کردووە، کە تەنانەت لە چوارچێوەی ڕێکخراوەشدا زیاتر لەوەی گرینگی بە ڕۆڵی سیستم و پێکهاتە بدرێت، گرینگی بە ڕۆڵی تاک دەدرێت؛ لێرەدا دەبێت جیاوازی لە نێوان ڕۆڵ و پێگە دانێن. لە دێموکراسی ڕۆژئاوایی پێگەی تاک گرینگە، بەڵام لە باوەڕی گشتیی کۆمەڵگای ئێمە لەسەر دێموکراسی پێگەی تاک گرینگی نییە، بەڵکوو ڕۆڵی تاک گرینگی پێ دەدرێت؛ هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە لە کۆمەڵگای کوردستان ڕوانینی زاڵ لەسەر خێری گشتی ئەوەیە کە لانیزۆری بەرژەوەندییەکانی هەموو لایەنەکان لە بەرچاو بگیرێت، ئەوە لە کاتێکدایە چون دەسەڵاتی سیاسی لەگەڵ چەندایەتی دەسەڵات بەرەوڕووە، ناکرێت و ناتوانێ لایەنی زۆری داخوازی هەموو لایەنێکی نێو کۆمەڵگا بێنێتە دی، لە ڕاستییدا خێری گشتی ئاستێک لە ماف، دەرفەت، ئەرک ، ململانێ و کەڵەوەکێشییە کە تەناهیی گشتیی سیستمەکە نەخاتە مەترسییەوە و دەسەڵاتی سیاسی هەر کات هەست بکات ماف، دەرفەت، ئەرک و ململانێ بەرەو ئاقارێک ڕۆیشتووە، کە تەناهیی گشتیی سیستم کەوتۆتە مەترسییەوە، کە ناچارە بۆ پاراستنی خودی سیستمەکە دەست لەو ڕەهەندانە بە قازانجی لای شکستخواردوو وەر بدات. بۆ ئەوە سیستم بگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی. 

سەرەڕایی ئەو باسەش بۆ ئەزموونکردنی دێموکراسی لە ئاستی ڕێکخراوەییدا لە کوردستان سێ شتی سەرەکی بوونی نییە:
یەکەم: وردە پێکهاتە کە بتوانێت، لە پۆپۆلیزم کەم بکاتەوە و پێکهاتە گشتییەکە بەرەو ئامانجی خۆی ببات.

واتە دێموکراسی لە نێو ڕێکخراوەکانی کوردستان بنەماكەی لەسەر بناغەی تاک دانراوە، نەک لەسەر بناغەی وردەپێکهاتە و ئەوەش بەردەوام مەترسییە بۆ دێموکراسی، چون دەرفەتی زاڵبوونی پۆپۆلیزم بەسەر سیستمەکەدا زۆرە.

دووهەم: لایەنی ناپێهکاتەمەند ئاکامی ململانێی دێموکراسی کاتێک قەبووڵ دەکات، کە بە قازانجی بێت، واتە دێموکراسی وەک ڕێگایەک بۆ ململانێ نابینێت، بەڵکوو وەک دەرفەتێک بۆ دەسەڵات بەدەستەوەگرتن سەیری دەکات.

سێهەم: ئەوەی پێ دەگوترێت بەرژەوەندیی گشتی، یان بەرژەوەندیی نەتەوەیی، یان بەرژەوەندیی باڵا، هێندە لێڵ و فرەمانایە کە هەر کەسێک دەتوانێ بە قازانجی خۆی لێکدانەوەی بۆ بکات، کۆی ئەم ڕوانیینە و فەرهەنگە سیاسییە وای کردووە، لەو سیستمانەدا کە کورد دایمەزراندووە، بەردەوام قەیران بەسەر قەیران ساز ببێت و ئەوەی کە ڕاست بێت، هیچ قەیرانێکیش چارەسەر ناکرێت، بەڵکوو تەنیا قەیرانێکی تر جێی دەگرێتەوە و پەراوێزی دەخات.

لە سیستمی سنتراڵیزمی دێموکراتیک بە هۆی ئەوەی کە گرووپی هەڵبژێردراو لە پاش کۆنگرە دەیانتوانی، لەسەر بناغەی ئەو فەرهەنگ و ڕوانینەی کە باسمان کرد، بەردەوام لە پێناو بەرژوەندیی خۆیان قەیرانخوڵقێن بن، بەگشتی دەبینن کە حیزبی دێموکراتی كوردستانی ئێران وەک ڕێکخراوەیەک کە بە شێوەی سەنتراڵیزمی دێموکراتیک بەڕێوە دەچوو، لە مێژووی لانیکەمی ٤٠ ساڵەی ڕابردوودا، بەردەوام لە قەیرانی نێوخۆییدا بووە و کەمتر قۆناغی سەقامگیریی نێوخۆیی بە خۆوە دیوە.

خاڵێکی تر کە دەبێت وەک فەرهەنگی سیاسیی کوردستان سەیری بکرێت و ئەو خاڵەش کارتێکەری لەسەر سیستمی سیاسیی ڕۆژهەڵات هەیە، باسی کاری پەلییە (کاری تیمی)، لە زمانی کوردی ئێمە هێندێ وشەی وەک هەرەوەز و کاری بەگەلمان هەیە، بەڵام ئەو وشە و زاراوانە کاری پەلی نیین لە هەرەوەزدا، بە هەر هۆکارێک بێت گرووپێک کارێک پێکەوە دەکەن، بەڵام ئەو کارە یەکەم لە ڕووی دابەشکارییەوە، هیچ دابەشکارییەکی سیستماتیکی تێدا نییە و دووهەم لە ڕووی کاتەوە لە بازنەیەکی تایبەت دەرناچێت و سێهەم پرۆژەیە نەک پرۆسە، بەو مانای کە بۆ وێنە لە گوندێک کەسێک بە هەر هۆکارێک ناتوانێ گەنمەکەی بدروێتەوە، خەڵکی ئاوایی بۆ ئەوەی زەرەدی لێ نەکەوێت، بەشێوەی خۆبەش بە چەند ڕۆژ گەنمەکەی بۆ درەو دەکەن و ئەوەش واتە گرووپێک بۆ کارێکی تایبەت لە کاتێکی دیارکراو پێکەوە کار دەکەن، لەوانەش گرینگتر هەرەوەز شێوەیەک چالاکی کۆمەڵایەتییە، نەک ئابووری یان سیاسی. کەوایە مانایی کاری پەلی نادات، نەبوونی فەرهەنگی کاری پەلی لە سیاسەتی کوردستاندا دۆخێکی ساز کردووە کە لە ئاستی ڕێکخراوەییدا، نەک بریار بەڵکوو ئەرکیش بەسەر بازنەیەکی تایبەتدا دابەش دەکرێت؛ ئەوەش بۆ شۆڕشێک کە درێژخایەن بێت، گەورەترین قەیرانی نێوخۆیی دێتە ئەژمار.

کات وەک هۆکارێکی زەختهێنەر

ئەگەر مێژووی ٢٠ ساڵی ڕابردووی حدکا سەیر بکەین، ئەو ڕێکخراوەیە هەتا ڕاگەیاندنی ڕاسان لە ئاستی گوتاری فەرمیدا دوو گوتاری سەرەکی هەبووە:
١: پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی باشوور بە مانا ڕاگرتنی خەباتی چەکداری لە جوغرافیای ڕۆژهەڵاتدا بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەترسیی ئێران لەسەر باشووری کوردستان.

٢: سیاسەتی کاری سیاسی و تەشکیلاتی و گەڕان بە دوای دەرفەت بۆ بەرینکردنی خەبات.

هەردوو گوتار وا دەکات کە بەستێنی کات وەک هۆکارێکی زەختهێنەر کارتێکەری کەمی لەسەر حدکا وەک سیستم هەبێت. بۆ دەرکەوتنی ئەو ڕاستیە ئەو ڕستەیە کە لە نێو ئەنداماندا باوە باشترین بەڵگەیە، ئەوان زۆر جار بە یەک دەڵێن "شۆڕش بە پەلە ناکرێت"، "پەلە نەکران" لێرەدا مەبەست بەپرۆسە کردنی شۆڕش نییە، بەڵکوو مەبەست کەم بایەخکردنی هۆکاری "کات" لەسەر کردەوەکانی سیستمە. هەر سیستمێک بگاتە ئەو باوەڕەی کە کات گرنگی لەسەر ئاکار و ئەنجامی کارەکانی نییە، ناراستەوخۆ لە چوارچێوەی کاری گشتی دێتە دەرێ، چون هێزی کاری نێو سیستمەکە دێتە سەر ئەو باوەڕەی کە هیچ فەرق ناکات، ئەمرۆ کارەکەی بکات یان ساڵێکی دیکە ئەو ڕوانگەیە لانیکەمی دوو کێشەی گەورە دەخوڵقێنێ:

یەکەم: بازنەی هێزی کار بەرتەسک دەکاتەوە، چون هێزی کار دێتە سەر ئەو باوەڕەی کە ئەو بازنەی کە هێزی کار پێک دێنێ تەواوکەرە، بۆ ئەوەی هەموو کارەکان سیستم بگرێتە ئەستۆ.

دووهەم: ئەو ڕوانگەیە بایەخی کار لە بەستێنی کات لە بەرچاو ناگرێت.
باشترین بەڵگە بۆ ئەوەی کە لە قۆناغێکدا خەباتی پیشەیی، سیاسەتی فەرمی حدکا بووە، دروشمی کۆنگرەی یازدەی ئەو حیزبەیە، لە کۆنگرەی ١١دا دروشمی کۆنگرە "خەباتکارانی خۆڕاگر"ە.

ڕاستی ئەو دروشمە ئەوە نییە، کە ڕێز لە خەباتی کەسانێک بگیرێت، کە لە بە شێوەی تەواو وەخت لە جوغرافیایەکی تایبەتدا لەگەڵ حدکان، بەڵکوو لێرەدا خەبات بە پیشەیی دەکرێت و لە جوغرافیایەکی تایبەتدا قەتیس دەکرێتەوە و ئەوەی لە دەرەوەی ئەو جوغرافیادایە خەباتەکەی گرینگییەکی ئەوتۆی نابێ.

ئەگەر ئێستە بگەڕینەوە سەر پرسیاری سەرەکی دەکرێت، بڵێن کە سەنتراڵیزمی دێموکراتیک لە بەستێنی کاتی ٢٠ ساڵی ڕابردوو و فەرهەنگی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بە هۆی ئەوەی هەموو دەسەڵات و ئەرکی دەسپارێتە سەر ئەو کەسانی کە لە کۆنگرەی "ئا" هەڵدەبژێردران ئەوە وای دەکرد، کە ئەندامانی ڕێبەری کۆنگرەی "ئا" زۆر بە ئاسانی بتوانن کۆنگرەی بێ و سێ و هتد ... وا داڕێژن، کە کۆنگرە خۆیان هەڵبژێرێتەوە و بەو شێوەیە و بەپێی ئەو فەرهەنگەی سیاسییەی باسمان لێ کرد، شۆڕش لە ڕووی فکری، باوەڕ، بڕیار و تەنانەت کار و ئەرک لە بازنەیەکی تایبەتدا قەتیس دەمێنێتەوە.

لە بەرنامەی نوێی حدکادا تێکەڵبوونی دوو پێکهاتەی "هەڵبژاردن" (ناوەندی سیاسی) و دانانی (دەستەی کارگێڕی) لە یەک سیستمدا وای کردووە، کە ئاستی پۆپۆلیزمی دێموکراسی نێوڕێکخراوەیی کەم بکرێتەوە و هاوکات لەگەڵ ئەوەش هەبوونی لانیکەمی دوو ناوەندی سەرەکی بڕیار و دوو ناوەندی هەڵبژاردن و چاوەدێری وا دەکات، سیستم لە بواری دێموکراسییەوە بەرەو ململانێیەکی پێکهاتەمەند بڕوات، ئەو چوار ناوەندە ئەگەری گرتنی کۆنگرەی بازنەیی، بەو مانایە کە تەنیا گرووپێکی تایبەت بچنە نێو کۆنگرەوە و دەنگی متمانەی کۆنگرەش بەدەست بێنن و بۆ کۆنگرەی داهاتووش نەخشە بکێشن، کەم دەکاتەوە.

هاوکات ڕاگەیاندنی ڕاسان هۆکاری کات وەک هۆکارێکی زەختهێنەر دەگەڕێنێتەوە سەر پێکهاتەی حدکا و هەبوونی ناوەندی بەدواداچوون و چاوەدێری دەتوانێ بەستێنی پشتگوێخستن و بێمەباڵاتی بەرتەسکتر بکاتەوە و ئاستی بەرپرسیاریەتی بباتە سەرەوە.

بەڵام ئەوە کۆی باسەکە نییە، گەورەترین قەیرانی بەردەم بەرنامەی نوێ ئەوەیە، کە لە شەقامی سیاسیی کوردستان و لە نێو حدکاش بەرژەوەندیی نەتەوەیی و بەرژەوەندیی باڵای ڕێکخراوەی دەبێت ڕوونتر پێناسە بکرێت، بۆ ئەوەی پێکهاتەی نێو سیستم نەتوانێ بەپێی قازانجی خۆی لێکدانەوەی بۆ ئەو دوو چەمکە بکات.

بەرنامەی نوێ، بنەماکەی لەسەر ئەوە دامەزراوە، کە شۆڕش لە فۆرمی پیشە و تایبەت بە جوغرافیایەکی دیاریکراو دەربێنێ و بیکاتەوە ئەرکێکی نیشتمانی لە جوغرافیایەکی بێسنووردا لە بەرانبەر دوژمنێکی دیاریکراو؛ بۆ ئەو مەبەستەش دابەشکاریی بڕیار و چەق نەبوونی بڕیار و ئەرک لە بازنەیەکی تایبەتدا لە بەرچاو گیراوە، ڕوونە کە ڕێزلێنان لە کەسایەتی تاک بە تاکی ئەندامانی بەشداربوو لە شۆڕش دەتوانێ زیاتر شۆڕش بەرەو ئەرکی نیشتمانی بەرێت، بەڵام لێرەشدا بەربەستی گرینگ هەیە و گەورەترین بەربەستی سەرڕێی ئەو ئامانجەش باسی نەبوونی فەرهەنگی کاری پەلییە (کاری تیمی)، وەک لە سەرێ باسی لێ کرا، ئەو فەرهەنگە لە کۆمەڵگای کوردستان هێندە لاوازە، کە ئێمە هیچ وشەیەکمان لە زمانی کوردی بۆی نییە.

ئەوەی کە دەکرێت وەک خاڵی سەرەکی بەرنامەی نوێ سەیری بکەین، ئەوەیە کە شۆڕش لە بازنەی جوغرافیایەکی تایبەت دەترازێنێ و ئەوەش دەتوانێ لانیکەم سێ دەستکەوتی گرینگی هەبێت:

یەکەم: بازنەی خەباتکار و شێوازی خەباتکاری بەفروانتر بکات.

دووهەم: ڕەهەندی شۆڕش زیاتر و قووڵتر بێت و ئەو ئەگەرە بێنێتە گۆڕێ، کە شۆڕشی کوردستان لە پرۆژەتەوەرییەوە بۆ پرۆسەتەوەری بگۆڕێ.
سێهەم: بە گەورەبوونی جوغرافیای شۆڕش ئەگەری سەرکوت و ناکاراکردنی شۆڕش زۆر کەم دەکاتەوە.

کە وایە بەرنامە نوێیەکە لە ڕووی سیستمەمەوە بۆ شۆڕشی کوردستان دەرفەتخوڵقێنە، بەڵام هەموو قەیرانە مرۆیییەکانی بە مانای فەرهەنگی سیاسیی کوردستان کە بەرانبەر بە بەرنامە کۆنەکە هەبوو ئێستاش هەیە، بۆ چارەسەریی ئەو قەیرانانەش جیا لە پەروەردەی نوێ و پێکهاتەمەند هیچ ڕێگایەکی تر لە بەردەستدا نییە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.