کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێکەوەبوونی نەتەوەیی

10:17 - 6 خەرمانان 2719

کەریم پەرویزی

خەباتی نەتەوەیەکی ستەملێکراوی وەکوو نەتەوەی کورد کە نیشتمانەکەی لە ژێر پۆستاڵی هێزێکی داگیرکەردایە، بە هەوراز و نشێوی زۆردا تێدەپەڕێ و ئەم خەباتە هەرچی درێژتر بێتەوە، رەنگاورەنگی و فرەدەنگیی زیاتری تێدا دروست دەبێ.

لەو وڵاتانەی کە خاوەنی دەسەڵات و دەوڵەت و ئاڵای خۆیانن و لە شەڕێک یان رووداوێکی مێژووییدا وڵاتەکەیان دەکەوێتە ژێر دەستی هێزێکی بیانی، رەنگە دروستکردنی رایەکی گشتی بۆ بەرخۆدان و بەرەنگاریی نەتەوەیی زۆر ئەستەم نەبێ و هەر لە یەکەم رۆژی داگیرکارییەوە هێزەکانی نێو ناخی کۆمەڵگاکە بیر لە رێکارەکانی بەرخۆدان و رزگاری بکەنەوە. بۆ وێنە کاتێک کە لە سەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانیدا ئاڵمان، فەڕانسەی داگیر کرد، هێزی بەرخۆدان و بەرگریی نەتەوەیی، لە هەموو بیروباوەڕە جیاوازە فەڕانسەوییەکان دروست بوو و بەرامبەر ئاڵمان وەستانەوە.

گەر داگیرکاریی فەڕانسەش درێژەی بکێشایە و چەندین دەیە و چەندین سەدەی بەسەردا تێپەڕیبا، رەنگە جیاوازییەکانی نێو نەتەوەی فەڕانسەش سەریان هەڵبدایە و گرفتی نوێی لەژێر داگیرکاریدا بۆ پێش  بهاتبا، هەروەک چۆن بەرامبەر بە ئیرلەندییەکان و سکاتلەندییەکان ئەو شتانە روویان داوە و هاوشێوەی مێژووی کوردن بەو جیاوازییەوە کە داگیرکەر و دەسەڵاتێك کە هێرشی کردۆتە سەر کوردستانی رۆژهەڵات، زۆر دڕندەیە کە لە مێژوودا وێنەی نەبووە.

لە وەها دۆخێکدایە کە نەتەوەیەک وەکوو نەتەوەی کورد، بۆ رزگاریی خاک و خەڵکەکەی هەموو هەوڵێک دەدا و هەموو رێگایەک دەگرێتە بەر و بە درێژەکێشانی خەبات هەم ئەزموونەکانی زۆرتر دەبن و هەم گرفتەکانیشی پەرە دەستێنن.

لەپێناوی رزگاریدا هێزەکانی کوردستان، وەگەڕ دەکەون و هەرچی لە توانایاندا بێ دەیکەن، بەڵام بۆ سەرکەوتن، پێویستیان بە ئاوڕدانەوەیەک لە نێوخۆی کوردستانیش دەبێ.

پێکەوەبوونی نەتەوەیەک تۆزێک جیاوازە لە یەکگرتووییەک کە رەنگە دێتە بەرچاو، چوونکە پێکەوەبوون، بریتییە لە پاراستنی جیاوازییەکان، بەڵام لەپەنا یەکدانانی هێزەکان بۆ گەیشتن بە یەک ئامانجی هاوبەش.

نەتەوەی کورد چ لە باری جوغرافیا و چ لە باری پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و پێکهاتەی زمانەوانی و پێکهاتەی سیاسییەوە، کۆمەڵگایەکی فرەڕەنگە و خەباتی تاکڕەهەندی، کە رەنگ و دەنگە جیاوازەکان پەراوێز بخا تێیدا سەرکەوتوو نابێ.

لەبەر درێژەکێشانی خەباتی رزگاریخوازانەش، رای جیاواز لەسەر چۆنیەتیی درێژەدان بە رێگا دروست بووە، هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن کە پێکەوەبوون، لە هەموو رۆژێک گرنگترە بۆمان و کوردستان بە پێکەوەبوونمان رزگار دەبێ و دەبێ بە نیشتمانێک بۆ هەموومان.

پێکەوەبوونمان پێویستی بە کردەوە و دیالۆگی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دیاریکردنی رەمز و هێماکانی خۆی هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی کە رەنگە جیاوازەکانیشمان دەپارێزێ، هاندەرییەکی زۆرتری تێدا وەدی دەکرێ کە بە بەرپرسارەتیی زۆرترەوە بەرەو بەکردەییکردنی هەنگاو هەڵبگرین.

پێکەوەبوونمان، رەمزی بەرخۆدانی نەتەوەیی و رزگاریی نیشتمانیمانە.