کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەردە لەسەر وێب‎سایتی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی لادرا

12:15 - 8 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی "عدالت برای ایران" وێب سایتێکی بە ناوی "خاک رنج" کردووەتەوە کە لەوێدا، شوێنی هەموو گۆڕە بە کۆمەڵەکانی زیندانیانی سیاسیی دەیەی شەست لە ئێراندا ئاشکرا دەکات.

لەم وێبسایتەدا کە ڕۆژی چوارشەممە ٧ی خەرمانان دەست‎بەکار بووە، شوێنی گۆڕی بە کۆمەڵی ئەو زیندانییە سیاسییانەی کە لە دەیەکانی ٦٠ی هەتاویدا لە ئێران ئێعدام کرابوون، دەستنیشان کراوە.

لەم وێبسایتەدا ئیزن بە بەشداری کاربەران و ناردنی زانیاری زیاتر بە نیسبەت گۆڕە بە کۆمەڵەکان، دراوە.

زۆربەی ڕێکخراوەکانی لایەنگری مافی مرۆڤ، ئێعدامە بە کۆمەڵەکانی دەیەی ٦٠ی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان، ئیدانە کردووە؛ گرینگترینی ئەو ڕووداوانە ئێعدامە بە کۆمەڵەکانی زیندانیانی سیاسی لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوییە کە لەو ساڵەدا ڕێژەیەکی یەکجار زۆر لە زیندانیانی سیاسی بە بێ مافی هەبوونی پارێزەر و دادگایی کردن، تەنیا بە بڕیاری کۆمیتەیەکی 3 کەسی، ئێعدام و لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا شاردراونەتەوە.

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕێژەی ئەو ئێعدامانەیان بە نزیکەی ٥ هەزار کەس مەزندە کردووە.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی پێشتر بە نیسبەت هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ شێواندن و لەنێوبردنی ئاسەواری ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانە هۆشداری دابوو.