کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرستارانی شاری سنە ١٠ مانگ مووچەی دواکەوتوویان هەیە

10:28 - 25 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بەشێکی بەرچاو لە پەرستارانی نەخۆشخانەکانی شاری سنە، نزیک به ١٠ مانگ مووچەی دواکەوتوویان هەیە و به هۆی کەمبوونی ڕێژەی پەرستاران، دەبێ لە جیاتی چەند کەس کار دەکەن.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو به ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەشێکی بەرچاو لە پەرستارانی شاری سنه باسیان لەوە کردووە که نزیک به ١٠ مانگ مووچەی دواکەوتوویان هەیە.

یەکێک لەو پەرستارانە باسی لەوە کردووە که ئێمە بمانەوێ یان نەمانەوێ ئەبێ لە جیاتی چوار کەس کار بکەین چونکه ڕێژەی پەرستارەکان کەمە.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: ئێمە لە ئاستی تواناکانماندا و به دڵ و به گیان خزمەت به خەڵک دەکەین، بەڵام خەڵک دەبێ بزانن که کەسێک ئەگەر زۆریش بەتوانا بێت، دیسان ناتوانێت بۆ ماوەی چەند مانگ و چەند ساڵ لە جیاتی چوار کەس کار بکات.

ئەم پەرستارە باسی لە کێشەکانی ئەم کارە وەکوو: کەم خەوتن و هەروەها چاوپۆشی کردن له خۆشترین کاتەکانی ژیان و دوور بوون لە بنەماڵە لە بۆنە تایبەتەکاندا کرد و به گلەیی لە بەرپرسان ڕایگەیاند  که ئەوان به کەمتەرخەمی و گرینگی نەدان به داخوازییەکانی ئەم چینه لە کۆمەڵگا، کێشەکانیان چەند قات زیادتر کردووەتەوە.