کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرستارەکانیش ئێران بەجێ دەهێڵن

12:53 - 17 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسی گشتیی نیزامی پەرستاریی ڕێژیمی ئێران، وێڕای ئاماژە بە کێشەکانی بەردەم پەرستاران لە کۆمەڵگای کاریی ئێراندا، باسی لە کۆچکردنی ئەم توێژە بۆ وڵاتانی دیکە کردووە.

"ئەسغەر دالوەندی"، بەرپرسی گشتیی نیزامی پەرستاریی ڕێژیمی ئێران لە لێدوانێکدا، وێڕای ئاماژە بە دۆخی پەرستاران لە ئێراندا و هەروەها چۆنیەتیی هەڵسوکەوتی نەخۆشەکان و بنەماڵەی نەخۆشەکان لەگەڵ ئەم توێژە لە کۆمەڵگا، باسی لەوە کردووە کە توندوتیژی بەرانبەر بە پەرستاران مەحکوومە، چونکە ئەوان لە جیاتی دوو یان سێ کەس، کار دەکەن.

ناوبراو هەروەها باسی لە کەمبوونی مووچەکەیان کردووە و وتوویەتی: "پەرستاران لە ئێراندا مانگانە ٢٥٠ دۆلار مووچە وەردەگرن، لەحاڵێکدا کە بۆ ئەو کارە لە وڵاتانی عەرەبیدا، ٢٥٠٠ دۆلار مووچە دەدرێت".

بە وتەی دالوەندی، لە جیهاندا ٧ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار پەرستار پێویستە کە ئەم پێویستییە بۆ ئێران بە ڕێژەی ١٥٠ هەزار کەسە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە قسەکانیدا دانی بەوەدا ناوە کە ئەم کۆچکردنە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زۆرتر دەبێتەوە، چونکە لە وڵاتانی دیکەدا گرینگییەکی زۆرتریان پێ دەدرێت.

گرینگینەدانی بەرپرسانی ڕێژیم بە دۆخی پەرستاران لە کۆمەڵگای ئێراندا، جیا لە باسی مووچە، یاساکانی پەیوەندیدار بە کاری ئەم توێژە و هەروەها خانەنشینکرانیشیان لەخۆ دەگرێت.

کۆچکردنی کەسانی پسپۆڕ و لێزان لە ئێرانەوە بۆ وڵاتانی دەرەوە، بەرە بەرە خەریکە زۆرینەی توێژەکانی کۆمەڵگا دەگرێتەوە و کاربەدەستانیش جگە لەوەی کە بەرچەسبی خەیانەت و نیشتمانفرۆشی لەو کەسانە بدەن، هیچ ئاوڕێک لە دۆخی ژیانی خەڵک بەگشتی و کەسانی پسپۆڕ و شارەزا نادەنەوە.