کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەلەقاژەی دەوڵەت و وشیاریی شارەکانی کوردستان

17:16 - 28 پووشپەڕ 2716

دڵسۆزێک

پەڕۆ ناسراوەکەی ڕۆژانی دوای ٢٢ پووشپەڕ کە ئەم ڕەستەی لە سەر نووسراوە : این واحد صنفی بعلت رعایت نکردن ضوابط بدون دلیل اقدام به تعطیلی مغازه کرده و به مدت یک هفته پلمپ می‌باشد.

ئەم ڕەستە بۆ هەموومان ناسراوە، وەکوو کاردانەوەی حکوومەتە بەرانبەر داخستنی دووکانی هاووڵاتیە کوردەکان بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕین و زیندووهێشتنەوەی بیرەوەری شەهید کردنی ڕێبەری بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی کورد دوکتۆر قاسملووی نەمر.

هەرچەندە لە ڕێگای سەندیکاکانەوە کە هەڵبەت هەموویان سەر بە حکوومەتن و سەندیکای ئازاد بوونی نیە، گوشارو هەڕەشە لە هاووڵاتیان دەکرێ بۆ دانەخستنی دووکانەکان، بەڵام خەڵکی بەشەرەفی کوردستان ناتوانن بینەری سڕینەوەی بەهەموو شێوازێکی خوێنی سەرکردەکەیان بن و هەردەم ئەو یادە بەرز ڕادەگرن. ساڵ بە دوای ساڵدا خەڵک یادەکە دەکەنەوەو حکوومەتیش لە ڕێگای گوشار بۆ سەر سەندیکاکان بە زۆرە ملێ نانی خەڵک دەبڕێت و بەر بە کاسبیان دەگرێت تا بە گومانی خۆیان بە کارتی گوشاری ئابووری و برسی هێشتنەوەی خەڵک، هاووڵاتیان لە بەبیرهێنانەوەی بۆنە نەتەوەیەکان دوور بخەنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە خۆیان یادی کوشتنی بچووکترین نەیاری حکوومەتەکانی پێش لە خۆیان زۆر بە پیرۆزیەوە دەگرن و تەنانەت بە ساختەکاریش بوە هەوڵ دەدەن مێژوویەکی پڕشنگداریان بۆ درووست بکەن و وەکوو کەسانێک بیاناسێنن کە لە ئاستی کەسایەتیە زۆر بەرزو دەگمەنەکانی جیهاندا بوون.

لە سەرلەبەیانی پێنج شەمە ٢٤ی پووشپەڕەوە، وەکوو نەریتی هەمیشەیی خۆیان دەستیان بە داخستن و پولومپ کردنی دووکانی چەند هاووڵاتیەک کردوە تا بەم جۆرە هەم خەڵک بترسێنن و هەمیش پیشان بدەن کە زۆر ئازان و بە گوتەی خۆیان هەموو شێوە ناڕەزایەتیەک دژ بە خۆیان لە بنەوە ڕیشەکێش دەکەن. بە پێی دیتن و هەروەها ناردنی هاوڕێیانمان لە شارەکانی بانە، سەقزو دیواندەرە چەند دووکانێکیان داخستوەو ئەو پەڕۆیە کە لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێی کرد هەڵواسیوە.

هەڵبەت ئەمانە پەلەقاژێی دەوڵەتە بۆ سەرکوت کردنی خەڵک، چونکە وەکوو پێشتر نەماوەو هەموو کەسێک لە ژێر ڕووناکی هەتاوی ئاڵای کوردستان و چالاکی و ئاگادارکردنەوەکانی دلسۆزانی گەلی کورد، ڕۆژ بەدوای ڕۆژدا هەستی خۆشەویستی بۆ ئازادی وڵاتەکەی زۆرتر دەبێت و خواردنی خۆڵ و گەڵای دارەکانی وڵاتی خۆی لا زۆر پیرۆزترە لە زێڕو زێوو پلەو پایەی وڵاتی داگیرکەر.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە