کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیام/ حیزبی دێمۆکرات و کۆمەڵە: داوا لە رۆڵەکانی نەتەوەی کورد دەکەین بە خەباتی یەکگرتووانە نەورۆز بکەینە جێژنی رزگاری

13:44 - 28 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران پەیامێکی هاوبەشیان بە بۆنەی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە:
هاونیشتمانانی بەڕێز

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان

ژنان و پیاوانی ئازادیخواز


بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانـەوە گەرمترین پیرۆزبایی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز لە ئێوە و هەموو ئەوانەی کە نەورۆز بە جێژن و بۆنەیەکی نەتەوەیی دادەنێن و بەرزی رادەگرن، بە تایبەتی رۆڵەکانی نەتەوەی کورد دەکەین و ئاواتەخوازین بە خەباتی یەکگرتوانە و هاوبەشمان نەورۆزی داهاتوو بکەینە جەژنی رزگاری و سەرکەوتن.

نەورۆز، لووتکەی ئاگرینی سروشت، هێمای راپەڕین و وەرزی گەشە و نوێ بوونەوە، جارێکی دیکە داوێنی شاخ و شار و گوند و پێدەشت و بنار بەتینی مەشخەڵانی پڕبڵێسەی راچەنین و بەرەنگاری، دەکاتە گۆڤەندی ئاگرپژان و لەسەر خۆڵەمێشی قەڵای جەور و تاریکی، شوورەی بەرزی رووناکی و باوەڕ و حەماسە بنیات دەنێت.
مێژووی خۆیناوی و کارەساتباری نەتەوەکەمان، بەتایبەتی لە سەردەمی هاوچەرخدا شاهیدی ئەو راستییەیە کە چۆن ئەم گەلە هەموو جارێک و پاش تێکشکانی شۆڕشەکانی لەلایەن ناحەزانەوە، وانەکانی نەورۆزی کردووەتە رێنوێنی بووژانەوە و سەرهەڵدانەوەیەکی نوێ و وانەی ئازادی و هەرمانی لە سەنگەرەکانی بەرەنگاریدا خوێندۆتەوە.
لە مێژووی سیاسیی هاوچەرخی وڵاتی ئێمەدا، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەوڵیان داوە نەورۆز بکەنە بۆنەیەک بۆ پشوودان و تەریک خستنەوەی خەڵک لە نێو ماڵەکانیان، کەلە راستیدا دژ بە بنەما و واتاکانی نەورۆز وەک کارنەڤاڵێک بۆ دەرخستنی تەبایی و یەکگرتوویی و رابوونە.
کۆماری ئیسلامی بەهۆی نێوەڕۆکی ئیدئۆلۆژیکی سیاسەتەکانی، نەورۆز بە مەترسی و کۆسپێک لەسەر رێگای خۆی دەزانێت و هەر بەم هۆیەشەوە بە کەڵک ‌وەرگرتن لە هەموو ئامرازەکانی سەرکوت و زەبر و زەنگ و سڕینەوە، هەوڵی داوە پێش بە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکانی تایبەت بەم بۆنە نەتەوەیی‌یە لە شار و ناوچەکانی کوردستاندا بگرێت. لەم پێوەندییەدا رێژیم هەموو توانای خۆی خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی کە ورەی بەرز و باوەڕی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی خۆڕاگری کوردستان بە چۆکدا بێنێت و لەگەڵ نەورۆز کە یەکێک لە بنەماکانی شوناس و فاکتەرەکانی یەک بوونی هەموو چین و توێژەکانی گەلی کوردە، بێگانەیان بکات.
هەر بۆیە بە پێچەوانەی حەز و ئاواتی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، نەورۆز لە کوردستان وەکوو نەریتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی شوێندانەر هەمیشە بۆنەیەک بۆ هاندانی خەڵک بەرەو تەبایی و هاودەنگی و کۆبوونەوە لەسەر بنەمای شوناس و رابردووی هاوبەش و داهاتووی هاوچارەنووس بووە، کە هیوادارین ساڵ لە دوای ساڵ ئەم رەوتە بەربڵاوتر بێت و ئەم جێژنە نەتەوەیی‌یە بە شکۆیەکی زیاترەوە بەڕێوە بچێت. هەر بۆیەش بە پێویستی دەزانین سوپاس و پێزانینی خۆمان پێشکەش بە سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکەین کە لە هەڕەشە و زەبر و زەنگ و بەربەستەکانی رێژیم سڵیان نەکردووەتەوە و لەم دەرفەتە بۆ دەربڕینی هەستی ئازادیخوازانەی خۆیان و نیشاندانی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە سیاسەتەکانی رێژیم کەڵکیان وەرگرتووە.
ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی کوردستان

لە یەک ساڵی رابردوودا بە لەبەرچاو گرتنی گرینگی و بایەخی یەکگرتوویی و یەکڕیزی بۆ هەنگاونان بەرەو لووتکەی سەرکەوتنی خەباتی مافخوازانەی گەلەکەمان، شاهیدی جموجۆڵێکی جیددی و هەوڵێکی پیرۆز لەلایەن رۆڵەکانی ئێوە لە ریزی هێزە سیاسییەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستاندا بووین کە هەر بۆ ئەو مەبەستە و لەپێناوی لێک ‌نزیک بوونەوەی ئەم هێزانەدا، رێککەوتننامەیەکی هاوبەش لە نێوان کۆمەڵە و حیزبی دێموکراتدا واژۆ کرا.
واژۆ کردنی ئەو رێککەوتننامەیە لە لایەک بوو بەهۆی دڵخۆشیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و لە لایەکی دیکەوە، کۆمەڵێک دژکردەوەی دوور لە هەر چەشنە پرەنسیپێکی شۆڕشگێڕانە لەلایەن بەشێک لە کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانی نەیاری کۆماری ئیسلامیی لێ‌ کەوتەوە کە هەر دووی ئەم پەرچەکردارانە پێویستیی پێداگریی زیاترمان لەسەر جیبەجێ کردن و بەرین‌تر کردنەوەی خاڵەکانی ئەم رێککەوتننامەیە پتر ئاشکرا دەکات و داڕشتنی پلان و بەرنامەی گونجاو لەو پێوەندییەدا دەکاتە ئەرکی سەرشانی ئێمە لە ساڵی داهاتوودا.
حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە لە راستای هەست کردن بە بەرپرسایەتیی مێژوویی خۆیان لەم قۆناغە هەستیارەدا، بە مەبەستی یەکگرتوویی زیاتر و تۆکمە کردنی هەوڵەکانیان لە پێناوی ئامانجە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردا، نەورۆز دەکەنە هێمای تێکوشان بۆ وەدیهێنانی مافە رەواکانی شۆڕشی ئازادیخوازانەی کوردستان.
هاونیشتمانان!

لە ساڵانی رابردوودا بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک هەمیشە مەکۆی هاواری دلێرانە و ئیرادەی پۆڵایینی رۆڵە تێکۆشەرەکانی ئێوە بوون کە یاسای ژیانی کۆیڵایەتی و ستەم و ژێردەستی لە ژێر پێ دەنێن و بەرەنگاری دێوەزمەی کۆنەپەرستی و دیکتاتۆریی زاڵ بە سەر وڵاتەکەماندا بوونەتەوە.
ئێمە داکۆکی کردن لە ماف و ئازادیی رۆڵە بەندکراوەکانی نیشتمان لە بەرانبەر جەللادەکانی رێژیمی ویلایەتی فەقیهدا بە ئەرکی سەر شانی هەمووان دەزانین. لە نەوروزی ئەمساڵدا دەنگی ناڕەزایەتیی خۆمان بەرانبەر بە سیاسەتی سەرکوتکەرانەی رێژیم یەکگرتوانە و بەرزتر لە ساڵان دەرببڕین و داخوازیی ئازاد کردنی زیندانیانی سیاسی و چالاکانی بواری فەرهەنگی و مەدەنی لە زیندانەکانی رێژیم وەکوو دروشمی سەرەکیی خەڵکی کوردستان بەرز بکەینەوە. نەورۆزی ئەمساڵ بکەینە دەرفەتێک بۆ داکۆکی کردن لەم تێکۆشەرانەی رێگای ئازادی ‌و سەربەرزیی نەتەوەکەمان‌ و بە خەبات و هەڵوێستی هاوبەش نیشان بدەین کە دیواری زیندانەکانی رێژیم زۆر لەوە کورت‌تر ‌و لاوازترن کە هاواری دڵێرانەی قارەمانانی نەتەوەی کورد لە پێناوی ماف ‌و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستاندا کپ بکاتەوە.
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان

خەباتی لێبڕاوانە و وەفاداریی ئێوە بەرانبەر بە رێبازی پڕسەروەریی رۆڵە شەهیدەکانتان، سەرەڕای هەموو گوشارەکانی دام و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی کۆماری ئیسلامی، لە ماوەی زیاتر لە سێ‌دەیە تەمەنی نگریسی ئەو رێژیمەدا مایەی شانازیی ئێمە و دڵگەرم بوونی هەرچی زیاترمان بە درێژەدانی خەبات هەتا گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکانی شەهیدانی رێگای رزگاریی نەتەوەکەمان بووە.
ئێمە لەم بۆنە نیشتمانییە پیرۆزەدا جارێکی دیکە ورەی بەرز و خۆڕاگریی ئێوە و ئەمەگناسیتان بەرانبەر بە رێبازی رۆڵەکانتان دەکەینە هەوێنی هاوخەباتی و تێکۆشانی هاوبەشمان و هیوادارین بە چڕکردنەوەی هەوڵەکانی هەموو ئازادیخوازانی گەلانی ئێران، ساڵ بکەینە ساڵی وەدیهێنانی ئاواتە بەرزەکانی هەموو گیان بەخت کردوانی کورد و کوردستان.
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

جێژنی نەرۆزی ئەمساڵ لە حاڵێکدا بەڕێوە دەچێت کە کۆماری ئیسلامی لە هەموو بوارەکانەوە دەستە و یەخەی قەیران و شپرزەیی و لێکترازانی بنەماکانی هێز و دەسەڵاتی خۆی بۆەتەوە و لە لاوازترین دۆخی خۆی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەسەر دەبات.
بەشێکی بەرچاو لە گوشاری ئەو گەمارۆ ئابوورییانە و گەندەڵی و مودیریەتی تاڵانچیانەی دەسەڵاتدارانی رێژیم دەکەوێتە سەرشانی خەڵکی هەژار‌ و کەم داهاتی ئێران. نەبوونی دەرەتانی کار، هەڵاوسانی ئابووری، دابەزینی نرخی دراوی وڵات لە بەرانبەر دراوە بیانییەکان، مایە پووچ بوون و داخرانی کارگە ئابووری و پیشەسازییەکان و ... هتد، ئاستی ناڕەزایەتی جەماوەریی بەرانبەر بە سیاسەتەکانی رێژیمی گەیاندووەتە ئەوپەڕی خۆی، بە جۆرێک کە دەسەڵاتدارانی رێژیمیش ناتوانن نێگەرانی خۆیان لە ئەگەری تەقینەوەی ناڕەزایەییەکان بشارنەوە.
ئەوە لە حاڵێک دایە کە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان لە رەوتێکی خێرای گەشەسەندن و بەرەپێشچوون دایە و دۆزی رەوای نەتەوەکەمان لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا بەرەو ئاراستەی دەستەبەر بوونی هەنگاو بەهەنگاوی مافەکانی خۆی لە پێشکەوتن دایە.
لە تورکیە هەوڵەکانی ئاشتی و چارەسەریی پرسی کورد، بە دەسپێکردنی قۆناغێکی دڵخۆشکەر لە دانووستان و دیالوگ لە نێوان حکوومەت و نوێنەرانی بزاڤی نەتەوایەتی کورددا، دەورێکی نوێ و هیوایەک بۆ سەرکەوتنی خەباتی کورد لەو بەشەی کوردستاندا نیشان دەدات. لە سووریە خەباتی گەلانی ئەو وڵاتە بۆ رووخاندنی رێژیمی دیکتاتۆری بنەماڵەی ئەسەد، درفەتێکی لەباری بۆ دەستەبەر بوونی مافەکانی گەلی کورد لەو وڵاتەدا رەخساندووە. لە باشووری کوردستانیشدا، سەرەڕای هێندیک گرفت و کەموکۆڕی، ئەم هەرێمە بەرە‌و پێشچوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بەشێکی دیار و گرینگ لە مافەکانی گەلی کورد لە باشووری کوردستان دەستەبەر کراوەن.
لە کوردستانی ئێرانیش کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەموو ناوچەکانی دیکەی ئێران بەهۆی بارودۆخی سیاسی و وشیاری نەتەوایەتی رۆڵەکانی کوردەوە، ترس و دڵەڕاوکێ دایگرتووە ‌و هەر بەم هۆیەوە زۆرترین هێزی سەرکوت و زەبر ‌و زەنگیشی هێناوەتە شار‌ و ناوچەکانی کوردستان، جێگای خۆیەتی و ئەرکی سەرشانی هەموانە کەلە وەها بارودۆخێکدا، یارمەتیدەری تێکۆشەرانی رێگای خەبات بۆ دابین کردنی ماف و ئازادییەکانی گەلەکەمان بین و بە هەر شێوەیەک کە بۆمان دەکرێ‌خزمەت بە رەوتی بەرەپێشچوونی خەباتی ئازادیخوازانەی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران بکەین.
ژنان، لاوان، کرێکاران، خوێندکاران و خەڵکی تێکوشەری کوردستان

با لە نەورۆزی ئەمساڵدا سەردانی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و بەندکراوانی سیاسی بکەین. با لەم بۆنە پیروزەوەدا خەبات و تێکوشانیان لە بیر نەکەین و بەڵێنیان لەگەڵ تازە بکەینەوە کە درێژەدەری رێگای پڕ لە شانازی ئەوانین. بە بنەماڵە سەربەرزەکانیان و بە خەڵکی خەباتکاری کوردستان رابگەیەنین کە هەتا وەدیهێنانی مافە رەواکانمان پاڵپشت و هاوهەنگاو وهاودەنگیانین.
سەرکەوێ‌خەباتی رزگاریخوازانەی گەلانی ئێران
شەکاوە بێت ئاڵای خەباتی یەکگرتوویی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران
جێژنی نەتەوەیی نەرۆزتان لێ پیرۆز بێ

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران
نەورۆزی ١٣٩٢ی هەتاوی
٢٧١٣ی کوردی